چاویارنیوز- دوای ماوەیەکی کەم لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی عێراق بۆ هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت؛ گەشتێک کە بەڕواڵەت بە ئامانجی ڕاوێژکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئەنجامدراوە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ڕەهەندە سیاسییە ئاڵۆزترەکان و ڕکابەریی باڵەکانی ناو حزب دەچن.
ئەم سەفەرە لە هەلومەرجێکدا ئەنجام دەدرێت کە لە چەند مانگی ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی زنجیرەیەک شکستی سیاسی بووەتەوە لە بەغدا؛ لە شکستی دۆسیەی سەرۆکایەتی و پێشهاتەکانی پەرلەمانەوە تا پاشەکشە لە هاوکێشەکانی کەرکوک. کۆمەڵەی ئەم پێشهاتانە بە شێوەیەکی جددی تەحەدای پێگەی سیاسی ئەم حزبە لە هەیکەلی دەسەڵاتی عێراقدا کردووە.
هاوکات بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەکرێ سەفەری ئەم دواییە لە چوارچێوەی ڕکابەریی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەڵسەنگێندرێت، نەک بە ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی کورد؛ ئەو کێبڕکێیەی کە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیدا پەرەی سەندووە لەسەر ئاستی کاریگەری و کۆنترۆڵکردنی بڕیارە گەورەکانی حزبەکە، بە نیشانەی ئەم درزە ناوخۆییە وەسف کراوە.
لە لایەکی دیکەوە یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی ئەم سەفەرە هەوڵدان بۆ مانەوەی وەزارەتی دەرەوە لە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ وەزارەتێک کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا وەک یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی کاریگەری سیاسی و دیپلۆماسی هەولێر بەکارهێنراوە. بەڵام دژایەتی بەشێک لە بزووتنەوە سیاسییەکانی عێراق بۆ بەردەوامیی ئەم دۆخە، ئەوە دەردەخات کە قۆرخکاری لەم بوارەدا ڕووبەڕووی تەحەدایەکی جددی بووەتەوە.
لەم ڕووەوە پلانی دامەزراندنی “وەزارەتی ڕاوێژکارانی پەیوەندییەکانی دەرەوە” وەک پێکهاتەیەکی هاوتەریب لەلایەن هەندێک لایەنەوە پێشنیار کراوە؛ ڕێوشوێنێک کە بتوانێت بە شێوەیەکی کردەیی دەستکاری ڕۆڵی وەزارەتی دەرەوە بکات و ڕێگری بکات لە چڕبوونەوەی لە دەستی لایەنێکی دیاریکراودا. ئەم پرسە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کاردانەوەی نەرێنی لێکەوتەوە، کە بە هەڕەشە بۆ سەر نفوزی خۆی دەیبینێت.
چاودێران پێیان وایە ئەم پێشهاتانە ئەوە دەردەخەن کە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، نەک ئەرکێکی دیپلۆماسی ڕۆتینی، هەوڵێکە بۆ قەرەبووکردنەوەی پێگەی لاوازی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێگریکردن لە بەردەوامیی شکستەکانی ئەم دواییە.
لە هەلومەرجێکدا کە پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق چووەتە قۆناغێکی هەستیارەوە، پێدەچێت ناکۆکی ناوخۆیی و باڵە تایبەتەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان نەک هەر پێگەی حزبەکەی لە بەغدا لاواز کردبێت، بەڵکو دەتوانێت کاریگەری لەسەر پشک و ڕۆڵی کورد لە هەیکەلی دەسەڵاتی عێراقیشدا هەبێت.
No Comment! Be the first one.