چاویارنیوز – لە دنیادا سەرۆکی وڵات ڕەمزی کۆکەرەوەی هەموو گەلەکەیەتی بە تەواوی حیزب و لایەن و پێکهاتە جیاجیاکان و نمایندەی یەکێتیی و یەکگرتوییان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەکات، بەپێچەوانەوە ئەمڕۆ سەرۆک ڕەمزی پەرتکردنی زیاتری پێکهاتەسیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بوو لەبەرچاوی عێراقییەکان .. ڕۆڵەکەی لە بەرگی تاکحیزب و تاکلایەن بەرجەستە کرد.
ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد ـی کرد .. سەرباری پەیوەندییە ئاڵۆز و قەیراناوییەکانی حیزبەکەی لەگەڵ زۆربەی لایەنەسیاسییە عێراقییەکان بە شیعە و سونە تەنانەت مەسیحییەکان و
سەرباری کشاندنەوەی تیمی حکومەت و فراکسیۆنەپەرلەمانییەکەی حیزبەکەی لە بەغداد، وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر هەڵوێستی لایەنە عێراقییەکان لە پرسی سەرۆککۆمار،
کەچی حیزبەکەی لە ئان و ساتێکدا هەمووی لەبیرکرد و ئەو کەسەی بڕیارە نمایندەی یەکێتیی گەلەکەی ئێمە بکات بەپەلە و لەگەڵ دابەشکردنی پۆست و ئیمتیازاتەکان لە حکومەتی نوێی عێراق، خۆی گەیاند بە بەغداد و باوەشی گەرمی بە زۆربەی لایەنە عەرەبییە شیعە و سونەکان تەنانەت حەلبووسی، تەییف سامی و یوسف کیلابی کرد و سبەی سێشەممەش ئەوانەی تریان، کە ماون دەبینیت و گفتوگۆ و دیداری گەرمیان لەگەڵ دەکات،
کەچی هەر ئەو سەرۆکە ئامادە نییە سەردانی کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بکات و لەگەڵ سەرۆکە کوردەکەی هەموو عێراق گفتوگۆ بکات .. ئەمەش لە کورتترین مانادا پێماندەڵێت بۆچیی کورد ساڵ دوای ساڵ بەرەو لاوازی و پەرتەوازەیی زیاتر چووە و دەڕوات.
لەوەش سەیرتر .. ڕۆژ بووەتەوە دنیایەک میدیا و بەناو میدیاکار و شرۆڤەکار هێنراونەتە سەر شاشەکان و باس لە گرنگیی ئەو سەردانە بۆ کورد و هەرێمی کوردستان دەکەن.!
لە ڕاستیدا ئەو سەردانە بەو شێوەیەی ئەمڕۆ بینیمان، یەک گرنگیی بۆ کورد و هەرێمی کوردستان تێدانییە، بەپێچەوانەوە چاوەڕوانکراوە بەوهۆیەوە سەردەمێکی نوێ لە قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لەنێوان یەکێتی و پارتی دەستپێبکات، هێندەی تریش پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان لەلای شیعە و سوننەکان لاواز بکات.
No Comment! Be the first one.