چاویارنیوز – پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و کەس و کاری ئەزیزی “ئەنفال” دەکەم کە یەکێک لە دڕندەکانی ئەنفال دەبرێتە بەردەم دادگا.
ئەمڕۆ عەجاج، وەک یەکێک لە تاوانبارانی ئەنفال دەبرێتە بەردەم دادگا، ئەم دادگاییە لە دوای دادگایی سەددام و عەلی کیمیایی ڕەمزییەتێکی گەورەی هەیە، ئەویش لەبەر ئەم دوو هۆکارە:
١- ئەم دادگاییە جەختکردنەوەو دەرخستنی ڕاستییەکە کە تاوانبارانی قڕکردنی گەلی کورد تەنها چەند سەرکردەیەکی وەک سەدام و عەلی کیمیایی نەبوون، بەڵکو ڕژێمێکی تەواو، سوپایەکی تەواو، ژمارەیەک کە بەهەزاران دەژمێردرێن بەشداربوون لە پڕۆسەی ئەنفال و کیمیاییباران و قڕکردنی گەلێک، ئەم دادگاییە پێماندەڵێت ستەمکار تەنها نییە، بەڵکو ستەم و تاوانەکانی لە ڕێگەی ژمارەیەکی زۆر دەست و پێوەندەوە جێبەجێ دەکات، ئەوەی فەرمان دەردەکات، ئەوەی جێبەجێی دەکات، چەکدارو پاسەوان و شۆفێری شۆفڵەکان و پاسەوانی دەرگای زیندانەکان و قامچی بەدەستەکان، هەموو پێکەوە بەشداربوون لەو تاوانە گەورانەی لە سی ساڵی تەمەنیدا ڕژێمی سەددام بەسەر گەلی کورددا هێنای.
٢- ئەم دادگاییە دۆسیەی جینۆسایدی گەلەکەمان بە زیندوویی دەهێڵێتەوە، خۆزگە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردووداو ( بۆ سی ساڵی ئایندەش) هەر هەفتەیەک جەللادێکی ئەنفال و کیمیاییباران ببرایەتە بەردەم دادگا، تا تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلێک وا بە زوویی و سادەیی بەسەر ئێمەو جیهاندا تێنەپەڕیایە، وا بەزوویی تەپ و تۆزی بیر چوونەوە بەسەر ئەم ئازارە گەورەیەی گەلەکەماندا نەهاتایە، ئەگەرچی ئەمە قەرەبووی هیچ کەمتەرخەمییەکی ناوخۆیی و دەرەکی ناکاتەوە لە بە زیندوویی هێشتنەوەی دۆسیەی “ئەنفال” و هەوڵی سڕینەوەی گەلی کورد.
وەک گەڕانەوەیەک بۆ خاڵی یەکەم:
ئەمە دادگای کەم و کورتی پڕ لە نادادی دنیایە، دادگای قیامەت ماوە کە دڵمان پێی خۆشە، ئەو دادگایەی گەورەو بچووکی لێ ون نابێت، لەو دادگایە خوای گەورە زۆر بە جوانی باسی پەشیمانی زاڵم و ستەمکارەکان دەکات کە بوونە هاوڕێی ستەمکاریی تری هاوڕێیان و بەڕێگەی ڕاست و عەدالەت و چاکەدا نەڕۆیشتن “وَيَوْمَ يَعَضُّ الظَّالِمُ عَلَىٰ يَدَيْهِ يَقُولُ يَا لَيْتَنِي اتَّخَذْتُ مَعَ الرَّسُولِ سَبِيلًا * يَا وَيْلَتَىٰ لَيْتَنِي لَمْ أَتَّخِذْ فُلَانًا خَلِيلًا”
عومەر گوڵپی
٧ی ٥ی ٢٠٢٦
No Comment! Be the first one.