چاویار نیوز – لە بەرامبەردا پارتی هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی بەبێ یەکێتی پەرلەمانی کوردستان کارا بکاتەوە و یەکێتی ناچار بکات بەشداری پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بکات بۆ ئەو مەبەستەش پۆستی وەزاری بە هەر لایەنەک دەدات کە پەرلەمانی لەگەڵ کارا بکاتەوە.
هاوکات ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتیی،پڕۆژەیەکی نوێی بۆ “چاکسازیی” ئیداری پێشکەشی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی کردووە کە تیایدا پێشنیازی مۆدێلێکی نوێ دەکات کە تێیدا سیستمی دوو ئیدارەیی لەژێر چەتری یەک هەرێمدا ڕێکدەخاتەوە.
لە پرۆژەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە سەردەمی دوو ئیدارەییدا، هەم پارتی و هەم یەکێتی لە بەڕێوەبردندا سەرکەوتووتر بوون پرۆژەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم پێشنیازە نابێتە هۆی پارچە پارچە بوونی هەرێمی کوردستان،بەڵکو دابەش کارییەکی نوێی دەسەڵاتە لە چوارچێوەی یەک قەوارەدا.
پرۆژەکە پێشنیازی ئەوە دەکات کە هەولێر وەک پایتەختی فەرمیی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە،بەڵام لە هەمانکاتدا ببێتە پایتەختی “ناوچەی زەرد”یش بۆ خۆبەڕێوەبەریی، وەکچۆن سلێمانیش پایتەختی سەوز بێت.
لە پڕۆژەکەدا هاتووە کە ئەم پێشنیازە بە وردی دیراسە کراوە و تەواو لەگەڵ دەستووری عێراقدا دەگونجێت؛چونکە سنووری جوگرافیی هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە و ناگۆڕێت، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە لەسەر ئاستی باڵا،تەنیا حکومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات،نەک حکومەتی ئیدارەی سلێمانی یان هەولێر،مەگەر تەنیا لەسەر ئاستی خوارەوە و ڕێکارە کارگێڕییەکان بێت.
No Comment! Be the first one.