چاویارنیوز _ فاتیح سەنگاوی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی گیانلەدەستدان لەناو گرتووخانە و سەنتەرەکانی ڕاگرتندا؛ لەژێر ناونیشانی «خۆکوژی یان کۆتاییهێنان بە ژیان»، بەبێ گوێدانە تایبەتمەندی چەمکی هەر کەیسێک، بووەتە سەرچاوەیەکی جدیی گومان و نیگەرانی قووڵ لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و یاسایی. ئەم دۆسیانە، چ لە ڕابردوودا و چ لە ئێستادا، لەکەدارکەرێکی ڕوونی کارنامەی مافەکانی مرۆڤ و پرۆسەی حوکمڕانین لە هەرێمدا.
لەم سۆنگەیەوە، دەبێت جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێتەوە:
یەکەم _ بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی: پاراستنی ژیانی هەر دەستبەسەرکراو و سزادراوێک لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە، لە ئەستۆی ڕەهای دامەزراوە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتدایە.
دووەم _ رۆڵی چاودێریی پەرلەمانی و سەربەخۆ: ئەرکی سەرەکی و بێپەرواى دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانە (کە پێویستە لە کاتی پەککەوتن یان نەبوونیاندا بە میکانیزمی جێگرەوە قەرەبوو بکرێنەوە) کە بەدواداچوونی ورد، بێلایەن و خێرا بۆ هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت ئەم ڕووداوانە بکەن.
سێیەم _ شەفافییەت و لێپرسینەوە: داوا دەکەین لیژنەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ پێکهێندرێت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەکانی ڕاگرتن، تا ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانە بکرێت.
<span;>پاراستنی کەرامەت و ژیانی مرۆڤ، بنەمای سەرەکیی سەروەریی یاسا و ڕەوایەتی دامەزراوەکانی دەوڵەت و یاسا و ڕێسا ئاسمانییەکانە.
No Comment! Be the first one.