چاویارنیوز _ بەبۆنەی یادی سی ساڵەی خیانەتی ئابەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئەمە دەقەکەیەتی:
ئەمڕۆ سێ دەیە بەسەر کارەساتی ٣١ی ئاب تێپەڕ دەبێت، کاتێک شاری هەولێری پایتەختی کوردستان لە لایەن سوپای ڕژێمی بەعسەوە، بۆ پشتیوانی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوای شەش ساڵ لە راپەڕین و ئازادی، داگیر کرایەوە.
بەداخەوە ئەو خیانەتە گەورەیە بووە مایەی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی کورد و شەهید بوونی ژمارەیەکی زۆری رۆڵەکانی گەلە خیانەتە گەورەیە کەمان لە پێشمەرگە و فەرماندە و کادرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و بێسەروشوێنکردنی ژمارەیەکی زۆری تێکۆشەرانی یەکێتی کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە لە پێناو بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و نەتەوەیەکانی و لە چوارچێوەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال کە رایسپاردووین لەبەر خاتری گەلەکەمان و ئایندەی کوردستان لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە، ناسۆرەکانی رابردووی بە هەڵسەنگاندنی مێژوو و حوکمە عادیلانەکەی سپارد، کە ئەمەش دەورانێکی ئاوەدانی و سەقامگیری و پێکەوەیی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە بیرەوەری ئەم کارەساتە نەتەوەییەدا، وێڕای خەم و پەژارەی قووڵی نیشتمانی، یەکێتی تەئکید دەکاتەوە لەسەر چارەسەری یەکجارەکی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کە بوونە هۆی بژاردەی خراپی پەنابردن بۆ هێزی نەیاران.
ئەمرۆش لەپێناو ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانیدا، کوردستان پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگ و بەرپرسیار هەیە کە بە یەکڕیزی و شەراکەت و خزمەتی دادپەروەرانە، قەرەبووی ناخۆشییەکانی رابردوو بکاتەوە، تاوەکو هەرێمێکی پتەو و سەقامگیر دەرەقەتی ئەرک و ئەگەرەکانی داهاتووی عیراق و ناوچەکە بێت.
درود بۆ شکۆی شەهیدانی بەرگری لە پایتەختی کوردستان و گشت شەهیدانی رێگای رزگاری.
No Comment! Be the first one.