چاویارنیوز _ هاری کەین هێرشبەری یانەی بایرن میونشن پێشکەوتنی ئەرێنی دانوستانەکانی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی ڕاگەیاند و هیوای خواست لە ماوەی مانگی داهاتوودا ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت.
کەین کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرادایە، لە دوایین لێدوانەکانیدا سەبارەت بە داهاتووی خۆی جەختی لەوە کردووەتەوە کە دانوستانەکان لەگەڵ بایرن میونشن بە باشی بەڕێوەدەچن و هەردوولا بە هێمنی دانوستان دەکەن. گرێبەستی ئێستای هێرشبەرە ئینگلیزییەکە لە کۆتایی وەرزی 2026-2027 کۆتایی دێت و دانوستانەکانی درێژکردنەوەی گرێبەستەکە لە چەند مانگی ڕابردوودا دەستیپێکردووە.
سەبارەت بە پڕۆسەی دانوستانەکان، کەین وتی: دانوستانەکان بە باشی بەڕێوەدەچن، من بە تەواوی شەفاف و ڕاستگۆ بووم لەو بارەیەوە، ئێمە هێشتا قسە دەکەین و پێموایە هەموو شتێک لەسەر ڕێڕەوی ڕاستە، هەردوولا تاڕادەیەک ئارام و بە ئاسوودەیی مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە.
هێرشبەرەکەی بایرن لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەمووان دەتوانن بزانن کە من لەوێ دڵخۆشم؛ ئەوە ڕوونە لە شێوازی ئاستم لە یاریگا و شێوازی قسەکردنم لە دەرەوەی یاریگا، پێموایە هەموو شتێک شەفاف و ڕاستگۆیانەیە، هیوادارم ڕێککەوتنێکی ئەرێنی بکرێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە کەی دەتوانرێت گرێبەستێک یەکلایی بکرێتەوە، کەین وتی: پێویستە لە مانگی داهاتوو یان زیاتر بڕیار بدرێت و پێموایە بڕیارێکی ئەرێنی دەبێت.
ئەم لێدوانانە نیشانەیە کە کەین ئارەزووی مانەوەی لە بایرن میونشن دەکات، پێشتر بەڕێوەبەرانی یانە ئەڵمانییەکە جەختیان لەسەر خواستی هەردوولا کردبووەوە بۆ بەردەوامبوون لە هاوکاریەکانی هەردوولا.
No Comment! Be the first one.