چاویارنیوز _ سوپای تورکیا بەشێوەیەکى سیستماتیکی خەریکى بڕینەوە و تاڵانکردنی دارستانەکانە لە ناوچە سنوورییەکانی بادینان، کە بووەتە هۆی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی یان ئیکۆساید. ئەم بابەتە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەنگدانەوەی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدواى خۆیدا هێناوە، چونکە ئەو کردەوەیەى سوپاى تورکیا یەکێکە لە خراپترین جۆرەکانى ئیکۆساید (کۆمەڵکوژیی ژینگەیی).
لەلایەکیترەوە، ئەو کردەوانەى سوپای تورکیا زیانێکی بەرفراوانی بە دارستانەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک گەیاندووە کە بە ملیۆنان درەختی ڕەسەن مەزەندەدەکرێن و زۆربەیان بەهۆی تۆپبارانەوە لە ناوچە سنوورییەکانی وەک ئامێدی و زاخۆ، و گوندەکانیان، یا بڕدراونەتەوە یان سووتێنراون بە ئەنقەست.
بەپێی زانیارییەکان، لەئەنجامی ئەو کردەوەیەی تورکیا، زیانێکی گەورە بە ژینگەی ناوچەکە گەیشتووە و هەر بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی دارستان، تەنها لە یەکێک لە قۆناغەکانی شەڕ و تۆپبارانەکاندا هەزاران دۆنم لە دارستانە سروشتییەکانی بادینان سووتاون.
میدیاکان باس لەوە دەکەن، گرنگترین هۆکارەکانى ئەو کردەوە نا ڕەوایانە دەگەڕێندرێتەوە بۆ دروستکردنی پێگەی سەربازی و ڕێگاوبان، سوپای تورکیا بە مەبەستی دروستکردنی ڕێگای سەربازی بۆ بنکەکانی لەسەر چیاکان، ڕووبەرێکی فراوانى لە دارستانە چڕەکانی تەخت کردووە، یەکێکیتریش لە هۆکارەکانى تر بازرگانیکردنە بە دارەکانەوە، کۆمپانیا تورکییەکان بە هاوکاری سوپاى وڵاتەکەیان، دارە بڕدراوەکان کۆدەکەنەوە و بۆ مەبەستی بازرگانی و پیشەسازی دەیانگوێزنەوە بۆ ناوخۆی تورکیا و دواتر کەرەستە و کەلوپەلی ناوماڵییان لێ دروستدەکرێت و دەفرۆشرێت لە نێوخۆى هەرێمى کوردستان وعیراق.
تورکیا دارستانەکانی هەرێم دەبڕێتەوە و حکومەتیش بێدەنگە
بەپێی ئەو زانیاریی و ڤیدیۆیانەی بڵاودەکرێنەوە، دەوڵەتی تورکیا دارستانی زۆربەی ناوچەکانی دهۆک و زاخۆی بڕیوەتەوە و حکومەتی هەرێم و عێراقیش هیچ هەڵوێستێکیان نییە .
No Comment! Be the first one.