چاویارنیوز – بەرپرسێکی باڵای ئێران، کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکادا دەکات، هەواڵی ئەنجامدانی هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو پێشنیارانەی واشنتن لەگەڵ خواستەکانی تاران لە دژایەتیدان.
ئەم بەرپرسە ئێرانییە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، ئاماژەی بە بۆچوونەکانی “جی دی ڤانس”، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد و وتی: “ئەمریکییەکان ئازادن لەوەی هەر داواکاری و بیرۆکەیەکیان هەبێت، بەڵام ئەو بیرۆکانە بە تەواوی لەگەڵ خواستەکانی ئێراندا ناکۆکن.”
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، تاران هیچ دانوستانێکی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسی ئەتۆمی ئەنجام نەداوە و پێویستە واشنتن پێش هەر هەنگاوێک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان، مەرجەکانی ئێران جێبەجێ بکات. ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە کە “داننان بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئەمریکاوە، هێڵی سووری تارانە” و بە هیچ شێوەیەک ئامادەی نەرمیی نواندن نین لەو بارەیەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە وردەکارییەکانی پیتاندن دەکرێت دواتر گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.
ئەم وەڵامەی ئێران لە کاتێکدایە، “جی دی ڤانس”، جێگری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەم دواییانەدا جارێکی دیکە جەختی کردبووەوە کە ئێران بۆ گەیشتن بە هەر جۆرە رێککەوتنێک، دەبێت بە شێوەیەکی “بەرچاو” توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی کەم بکاتەوە.
تاران بەردەوام ئەو جۆرە داواکارییانە رەت دەکاتەوە و وەک بەشێک لە فشارەکانی واشنتن ناوی دەبات، هاوکات دووپاتی دەکاتەوە کە بەرنامە ناوکییەکەی ئاشتیانەیە و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا درێژەی پێ دەدات.
No Comment! Be the first one.