چاویارنیوز – بزووتنەوەی ئەنساڕوڵڵای یەمەن، زنجیرەیەک هێرشی سەربازیی بەرفراوانی لە دژی پێگە و دامەزراوەکانی سعودیە ئەنجامدا و هۆشداریی توندیشی بە هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان دا کە چیتر بە ئاسمانی سعودیەدا تێنەپەڕن.
عەمید یەحیا سەریع، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەر بە بزووتنەوەی ئەنساڕوڵڵا، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: «فڕۆکەخانەی شا خالید لە ڕیازی پایتەختی سعودیەمان بە مووشەکێکی بالیستی کردووەتە ئامانج». ناوبراو جەختی کردەوە کە مووشەکەکان بە وردی بەر ئامانج کەوتوون و بووەتە هۆی تێکچوونی چالاکییەکانی فڕۆکەخانەکە.
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە درێژەی بەیاننامەکەیدا، بۆ جاری کۆتایی هۆشداری دایە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتی کە بە ئاسمانی سعودیەدا نەفڕن، بەو پێیەی بە وتەی ئەو، «سعودیە ئێستا جگە لە ئاسمانی شارە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینە، بووەتە گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی».
لە لایەکی دیکەوە، یەحیا سەریع ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانیان توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سیخوڕیی لە جۆری «بێرقدار ئاکینجی»ی دروستکراوی تورکیا بخەنە خوارەوە کە سەر بە هێزەکانی سعودیە بووە. فڕۆکەکە لە کاتی ئەنجامدانی چالاکیی «دوژمنکارانە» لە ئاسمانی پارێزگای تەعز کراوەتە ئامانج.
هاوکات، وتەبێژەکە باسی لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی دیکە کرد بۆ سەر کۆبوونەوە و هێزە سەربازییەکانی سعودیە لە بنکەیەکی سەربازی لە ناوچەی «ڕەئس عارە». بەپێی وتەی ناوبراو، لەو هێرشانەدا ژمارەیەک سەرباز کوژرا و بریندار بوون و ئاگر لە چەند کۆگایەکی چەکیش کەوتووەتەوە.
لە دواین ئۆپەراسیۆنیشدا، یەحیا سەریع ئاشکرای کرد کە بە هاوکاتی مووشەکی بالیستی ئاراستەی کۆبوونەوەکانی هێزە سعودییەکان لە باشووری بابولمەندەب و ناوچەکانی «سەقیا» و «ڕەئس عارە» کراوە و بەوهۆیەوە دەیان کەس لەو هێزانە کوژرا و بریندار بوون.
No Comment! Be the first one.