بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کاندیدکردنی بەنگین ڕێکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕێباز حەملان بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی و ڕەخنەی لە نێو چاودێران و شەقامی سیاسیدا لێکەوتووەتەوە؛ هەنگاوێک کە وەک درێژەی «ئینادیی بێهوودە» و «قۆرخکاریی پۆستەکان» لەلایەن بازنەیەکی بەرتەسکی دەسەڵاتەوە وەسف دەکرێت.
ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە سیاسەتی سەرەڕۆیی و کەلەڕەقیی سەرکردایەتیی پارتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی بەغدا، ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی ئەم حیزبەی لە پایتەختی فیدراڵ لاوازتر و بێهێزتر کردووە. لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا لەم قۆناغە هەستیارەدا گۆڕانکاری لە ڕوانگە و تیمەکاندا بکرێت، کەچی جارێکی دیکە پەنا براوەتەوە بەر هەمان ئەو دەموچاوانەی کە ساڵانێکە لە پۆستەکاندا چەقیون.
پۆستەکان تاپۆ کراون؟
بەپێی کاردانەوەکان، کاندیدکردنەوەی بەنگین ڕێکانی کە دوو خول لە بەغدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە بووە، لەگەڵ ڕێباز حەملان، پرسیارێکی جدی لەسەر عەدالەتی ناوخۆیی و شێوازی بڕیاردان لەناو پارتیدا دروست کردووە. دەپرسن: «مەگەر پۆستەکانی بەغدا لەسەر ناوی ئەم چەند کەسە تاپۆ کراون کە هیچ دەرفەتێک بە خەڵکی دیکە نادرێت؟»
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەزاران کادیری گەنج، پسپۆڕ و خاوەن بڕوانامەی باڵا لە بەڕێوەبردن و کاری حکومەتیدا هەن، بەڵام بەهۆی مەحسوبییەت و پێودانگە تەسکە حیزبییەکانەوە پەراوێز خراون و هەموو بەشەکان بۆ بازنەیەکی دیاریکراو قۆرخ کراون.
«خەوی قووڵ و چاوەڕوانیی شکست»
چاودێرانی ڕەخنەگر پێیان وایە کە تاقیکردنەوەی چەندبارەی ڕێگە شکستخواردووەکان دەستکەوتی نوێی لێ ناکەوێتەوە. هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە میدیاییەکاندا، دەنگی ئەوە بەرز بووەتەوە کە ڕەنگە تەنها «شکستهێنانی ئەم کاندیدانە» لە بەغدا بتوانێت سەرکردایەتیی پارتی لەم «خەوە قووڵە» بەئاگا بهێنێتەوە و ناچاریان بکات کۆتایی بەو ئینادییە سیاسییە بهێنن کە باجەکەی زیانگەیاندنە بە پێگەی کورد لە ناوەند.
ئەم دۆخە نیشانی دەدات کە پارتی نەک هەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەکیدا دووچاری دابڕان بووە، بەڵکو لە ئاستی ناوخۆییشدا ڕووبەڕووی قەیرانی متمانە و ناڕەزایەتیی بەرینی ئەو کادیرانە بووەتەوە کە ماندووبوونیان دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی چەند دەموچاوێکی نەگۆڕ.
No Comment! Be the first one.