هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پەیامێکی توند و ڕەخنەئامێزدا، شێوازی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قەیرانی سەختی بژێوی و دواکەوتنی مووچەی هاووڵاتییان بە «بێباکیی کوشندە» ناودەبات.
ناوبراو بۆ وێناکردنی دۆخی ئێستای بەرپرسانی هەرێم، پەنای بۆ چیرۆکێکی فۆلکلۆریی ناسراو برد و وتی:
«نەقڵی تەشیرێسێک هەیە گوایە هەموو گوند لەسەر وی بەشەڕ هاتوون و ئەویش بەسەر خۆی نەهێناوە و تەشی خۆی باداوە! بەرپرسانی هەرێمیش لەم دۆخە سەختەی عێراقدا، دقیقەن وێنەی ئەو تەشیرێسەن کە گوێیان بە ئاگری کێشەکانی خەڵک نەداوە.»
«نان نییە، وەعدی کولێرە دەدەن!»
هۆشیار عەبدوڵڵا بە تووڕەیییەوە جەخت لەسەر ئەو جیاوازییە گەورەیە دەکاتەوە کە لە نێوان واقیعی تاڵی ژیانی هاووڵاتییان و وتارە بریقەدارەکانی حکومەتدا هەیە. ئەو دەڵێت:
«مووچە نییە، کەچی تەشیی نمایش و درۆکردنیان بەردەوام لە سووڕانەدایە. دۆخەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە نان لەسەر سفرەی خەڵک نییە، کەچی بەرپرسان لە کەناڵەکانەوە بەردەوام وەعدی کولێرە و خۆشگوزەرانی دەدەن.»
ئەم ڕەخنانە لە کاتێکدا دێن کە دواکەوتنی مووچە و بێکاری، قەیرانێکی گەورەی لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە و متمانەی نێوان هاووڵاتییان و دەسەڵاتدارانی بە تەواوی ڕووخاندووە.
No Comment! Be the first one.