چاویارنیوز – لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما و کڕێوە، قەیرانی سووتەمەنی جارێکی دیکە یەخەی هاووڵاتییانی پایتەختی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە ماوەی تەنیا یەک هەفتەدا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی ٥٠ هەزار دیناری چووه سەر و بە شێوەیەکی بێوێنە ئاستی ٣٠٠ هەزار دیناری تێپەڕاند؛ ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی لای هاووڵاتییان و چاودێران لێکەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بازاڕی سووتەمەنی لە هەولێر، بەرزبوونەوەی لەناکاو و چەندبارەی نرخی نەوت لە کاتێکدایە کە زۆربەی خێزانە کەمدەرامەتەکان هێشتا نەیانتوانیوە بەشەسووتەمەنیی زستانە دابین بکەن. لە کاتێکدا دابەشکردنی نەوتی حکومی بەسەر هاووڵاتییاندا بە سستی و بە شێوازێکی نادادپەروەرانە بەڕێوە دەچێت، بازاڕی ڕەش لەژێر سایەی کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکاندا کۆنتڕۆڵی نرخەکانی گرتووەتە دەست.
چاودێرانی سیاسی و ئابووری، ئەم دۆخە نالەبارە دەبەستنەوە بە «سیاسەتی شکستخواردوو»ی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێوەبردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لە کەرتی نەوت و وزەدا. ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان خۆی لەسەر دەریایەک لە نەوت هەڵکەوتووە، کەچی بەهۆی قۆرخکاریی حیزبی، نەبوونی شەفافیەت لە پاڵاوگە ناوخۆییەکان و بێپلانیی ئابووریی کابینەکەی مەسرور بارزانی، خەڵکی هەولێر دەبێت بەم نرخە خەیاڵییە نەوتی سپی بکڕن.
هاووڵاتییانی هەولێر دەڵێن، لە سایەی بڕیارە شکستخواردووەکانی حکومەت و بێدەنگیی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە ئاست قۆرخکارانی بازاڕ، دابینکردنی گەرمیی ماڵەکانیان بووەتە خەونێکی مەحاڵ. چالاکوانانی مەدەنی جەخت دەکەنەوە کە بەردەوامیی ئەم دۆخە و پەراوێزخستنی بژێویی ژیانی خەڵک، بەڵگەی شکستی ئاشکرای ئەو بانگەشانەیە کە باس لە چاکسازی و گەشەپێدانی ئابووری لە پایتەختدا دەکەن.
No Comment! Be the first one.