چاویارنیوز ـــ ڤیکتۆر ئۆسیمهین ئەستێرەی نەیجیریای یانەی گالاتاسرای دوای سەرکەوتنی تیپەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول لە هەفتەی دووەمی چامپیۆنزلیگدا لێدوانی سەرنجڕاکێشی دا و ستایشی یانە تورکەکەی کرد.
هێرشبەرەکەی گالاتاسرای کە تاکە گۆڵی یارییەکەی لە لێدانی سزا تۆمارکرد و سێ خاڵی بەنرخی بۆ تیپەکەی هێنا، لە کۆتایی یارییەکەدا وتی: بە بۆچوونی من یانەی گالاتاسرای باشترین یانەی جیهانە، ئەم تیپە هاندەرانی هەیە کە لە هەموو بارودۆخێکدا لە پشت یاریزانەکانەوە وەستاون و ئەمشەو بە پاڵپشتی نائاسایی خۆیان پاڵیان پێوناین بۆ سەرکەوتن.
ئۆسیمهێن لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگی ئەم سەرکەوتنە کرد و وتی: بردنەوەی لە تیپێکی وەک لیڤەرپوڵ ئاسان نییە، توانیمان بە تەرکیزێکی بەرز و یەکگرتوویی تیپ ئەم ئەنجامە بەدەستبهێنین، دڵخۆشم کە توانیم بەشداری لە دڵخۆشی هاندەران بکەم و هیوادارم ئەمە تەنها سەرەتای سەرکەوتنەکانمان بێت لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا.
هێرشبەرە نەیجیرییەکەی یانەی گالاتاسرای ئێستا نەک هەر وەک پیاوی سەرەکی تیپەکەی ئۆکان بۆروچ ناسراوە، بەڵکو بە ئاستە درەوشاوەکانی لە دڵی هاندەرانی گالاتاسرایدا جێگەیەکی تایبەتی بەدەستهێناوە.
ئۆسیمهێن لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی گەورەی لەگەڵ گالاتاسرای هەیە و پێی وایە ئەو تیپە توانای ڕکابەریکردنی لەگەڵ زلهێزە گەورەکانی ئەوروپادا هەیە.
No Comment! Be the first one.