چاویارنیوز – لە ئێستا هاوپەیمانێتییەکی ڕانەگەیەندراو لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی-باڵی نێچیرڤان بارزانیدا دەبینرێت، کە ئامانجی سەرەکیی لێدانە لە مەسرور بارزانیی، لەژێر پەردەی قەیرانی گرانیی بەنزیندا.
ئەم هاوکێشەیە تەنیا ناڕەزایەتییەکی سادە نییە، بەڵکو شەڕێکی ڕێکخراوە؛ کە کەناڵەکانی وەک (ڕووداو) و (کەناڵ هەشت) کراونەتە سەکۆی سەرەکیی بەڕێوەبردنی.
لەم نێوەندەشدا، لە هێزە (ئۆپۆزسیۆنەکانیش) بەهۆی نەبوونی پڕۆژە و گوتارێکی بەدیلەوە، بوونەتە ئامرازێک (مەقاش) بۆ خزمەتکردنی ئەم ئەجێندایە.
نەخەڵەتێن وا بزانن ئەم وتارە بەرگرییە لە مەسرور.
کێ هەیە نەزانێت ئەم بەناو حکومەتە خۆی سەرچاوەی بەشێکی گەورەی مەینەتییەکانی خەڵکە و، هەنگاو و بڕیارەکانی دژ بە بژێوی و بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیانە.
بەڵام کێشەکە لەوەدایە نەیارەکانی، لەبری خەمخۆریی ڕاستەقینە بۆ چارەسەر، کەچی قەیرانی بەنزین و قەیرانەکانی دیکەش بۆ تەسفییەی حسابی دەسەڵاتخوازی بەکاردێنن.
ڕاستییەکە ئەوەیە هیچ ڕێگرییەک لەبەردەم یەکێتیدا نییە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی لەم دەڤەرەدا.
ئەوان دەتوانن لە ڕێگەی پاڵاوگەکانی بازیان و عەربەت و هەندێکی تری لاکۆڵان، هەروەها لە ڕێگەی وەرگرتنی پشکی ئەم ناوچەیە لە بەغدا، یان مۆڵەتدان بە بازرگانان، بەنزین بە نرخێکی گونجاو دابین بکەن.
شوکر ئێستا بە ئاسانی دەتوانرێت (بە بێ باج -قاچاخچێتی دەوڵەتیی)، لە مەرزەکانەوە هەزاران تەنکەر بەنزین داخل بکەن و بەهەرزان، وەک بەغدا بە خەڵکی بفرۆشنەوە.
وەلێ، جێی پرسیارە؛ ئاخۆ چۆن قوباد تاڵەبانی، کە دەتوانێت لەم سنورە، بێ گەڕانەوە بۆ هەولێر، دەیان هەزار پارچە زەوی دابەش بکات و زۆر کاری تریش، بەڵام نەتوانێت کێشەی غاز و بەنزینی دەڤەرەکە چارەسەر بکات؟!
پێویستە هاووڵاتیان بەم ساختەکارییە فریونەخۆن و هەرەوها حەق نییە لەوە زیاتر ئۆپۆزسیۆنیش خۆی بکاتە یاریچە و کەرەستەی دەستی حوتەکانی دەسەڵات. چونکە لەم یارییە سەخیف و قێزەوندا، بەرژەوندی گشتی و خەڵک هیچ نییە جگە لە تۆپێکی دڕاو، کە یاریچییەکان، لەم سەری گۆڕەپانەکە بۆ ئەو سەری، شەق شەقانی پێ دەکەن!
لێرەوە، جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە: ئەگەر یەکێتی ڕاست دەکات و دەیەوێت خۆی شوناسی خۆی جیا بکاتەوە و گرەوکە بباتەوە، ئەوا با لە چارەسەری کێشەی بەنزین و غازەوە، لەم دەڤەرەوە دەست بکات بە باشکردنی گوزەرانی خەڵک و دەستی مەسئولە دڕندە و فاسدەکانی لە قۆڕگی خەڵکی کاسب بکاتەوە، ئەو کات هاووڵاتیانی هەرێم چاویان هەیەو ڕاستییەکان دەیبینن.
خۆ بە پێچەوانەشەوە ئێوە هەر لەسەرەتاوە دیوی دووەمی دێوەزمەی ئەم دەسەڵاتە خێڵەکییەن و هیچی تر…
No Comment! Be the first one.