چاویارنیوز – بەیاننامە و کاردانەوەی توندی بارەگای بارزانی بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی «دیداری میری»، تەنها ڕەخنەیەکی ئاسایی لە کۆڕبەندێکی فکری و سیاسی نەبوو، بەڵکو بەپێی خوێندنەوەی چاودێران و دزەکردنی زانیارییە ناوخۆیییەکان، پەلامارێکی ناڕاستەوخۆ و پلانبۆداڕێژراو بوو بۆ لێدان لە پێگە، ڕۆڵ و سەرکەوتنی دیپلۆماسییانەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییە تایبەتەکان، هۆکاری سەرەکیی تووڕەیی بارەگای بارزانی نە خەمی دارایی گشتی بووە و نە پرەنسیپی نیشتمانی، بەڵکو تەواوی نیگەرانییەکە لەوە سەرچاوەی گرتووە کە بۆچی «مەسعود بارزانی» و کوڕەکەی، «مەسرور بارزانی» (سەرۆکی کاربەڕێکەری حکومەت)، لە پانێڵ و دانیشتنە سەرەکی و ستراتیژییەکانی دیدارەکەدا پەراوێز خراون و تەواوی تیشکی میدیایی و دیپلۆماسی لەسەر نێچیرڤان بارزانی چڕ بووەتەوە.
شەرمەزاریی قۆرخکاری؛ کێ نوێنەرایەتیی کورد دەکات؟
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کاردانەوەیە، ئاستی قووڵی و تەقینەوەی ئەو درزە گەورەیە پیشان دەدات کە لەناو باڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا لەسەر «مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات و نوێنەرایەتیکردنی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا» دروست بووە.
باڵی باڵادەستی دەسەڵات لە هەولێر وا ڕاهاتووە کە دەبێت تەواوی دەرکەوتنە سیاسی، دیپلۆماسی و دەستکەوتە گشتییەکان تەنها و تەنها بە ناوی تاکە بنەماڵەیەک و لە چوارچێوەی باوکسالاریی حزبیدا قەتیس بکرێن؛ لەبەرامبەردا، کاتێک کۆڕبەندێکی لەم شێوەیە دەرفەتێک بۆ دەرکەوتنی جیاوازتر دەڕەخسێنێت و نێچیرڤان بارزانی وەک ڕوویەکی کراوەتر بە بەشداریی لایەنە عێراقی و دەرەکییەکان دەردەکەوێت، دەستبەجێ کاردانەوەی زبر و بەیاننامەی فەرمی بەدوای خۆیدا دەهێنێت تا گرنگیی دیدارەکە لەکەدار بکەن.
پارادۆکسی ڕەخنەی دارایی و دەستکەوتی خەڵک
ئەم پەلامارە حزبییە ناوخۆیییە لە کاتێکدایە کە شەقام و چاودێرانی سەربەخۆ بە ڕاستی ڕەخنەی توندیان لە تێچووی زۆری ئەم جۆرە کۆڕبەندانە هەیە، بەتایبەت لە دۆخێکدا کە خەڵک لە ژێر قەیرانی نەبوونی مووچە و بژێویدا دەناڵێنێت. بەڵام جیاوازییەکە لێرەدایە: هاووڵاتییان و پەرلەمانتاران لە خەمی بەفیڕۆچوونی سامانی گشتی و بێکاریگەریبوونی ئەم دیدارانەن بۆ سەر ژیانی ڕۆژانەیان، لە کاتێکدا بارەگای بارزانی لە خەمی ئەوەدایە بۆچی باڵەکەی ئەوان لەسەر تەخت و کورسیی یەکەم دانەنیشتووە!
ئەم ڕووداوە سەلماندی کە ململانێی ناوخۆیی دەسەڵاتی کوردی گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت بەرگەی دەرکەوتنی بەشێکی تری هاوپەیمان یان هاوبەشەکانی ناو خودی حزبەکەش ناگرێت، و بەرژەوەندییە بنەماڵەییە تەسکەکان هەموو کات لە پێش هەموو ناوەند و دەرفەتێکی سیاسی و نەتەوەیی دادەنرێن.
No Comment! Be the first one.