چاویارنیوز _ لەبەیاننامەکەی مامۆستایانی گرێبەستدا کە ئاراستەی حکومەتی هەرێم کراوە داوایانکردووە گرێبەستەکانیان بۆ بکرێت بە هەمیشەیی.
مامۆستایانی گرێبەست دوو خاڵی سەرەکییان لە بەیاننامەکەیاندا دیاریکردووە کە ئەوانیش بریتیین لە :
یەکەم، داوا لە هەرسێ لایەنی وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکەن کە بەپێی فەرمانە وزارییەکانی پێشوو، لەگەڵ گەیشتنی یەکەمین بڕە پارەی مووچەدا، دەستبەجێ مووچەکانی ئەوانیش دابەش بکرێت پێش ئەوەی ئەو داهاتە لە ژێر ناوی تردا “تەخشان و پەخشان” بکرێت و فەرامۆش بکرێن.
دووەم، داوا لە وەفدەکانی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم و سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن، کار بکەن بۆ گۆڕینی سەرچاوەی دارایی مووچەکانیان لە داهاتی ناوخۆوە بۆ سەر بودجەی گشتیی عێراق، تا هاوشێوەی مامۆستایانی حکومەتی فیدراڵ ئەوانیش بکرێنە دامەزراوی رەسمیی و هەمیشەیی حکومەت.
هەر لە راگەیەنراوەکەدا، مامۆستایانی گرێبەست هۆشدارییەکی توند دەدەنە لایەنە حکومییەکان و دەڵێن: ئەگەر داواکانیان پشتگوێبخرێت و جێبەجێنەکرێت، ئەوا لەقۆناغی داهاتوودا تەواوی پرۆسەکانی پەروەردە، فێربوون و خوێندنی باڵا لە سنوورەکەدا بە تەواوی رادەگرن و بایکۆتی سەرتاسەری رادەگەیەنن و خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام دەدەین.
No Comment! Be the first one.