چاویارنیوز – د. عومەر عەلی لە نووسینێکی ڕەخنەییدا، پەردە لەسەر ئەو «شۆک و شێواندنە» لادەدات کە میدیای ڕۆژئاوایی و لایەنگرانی ئەقڵییەتی ڕۆژئاوایی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی کوردی کردوویانە. ناوبراو بە تووندی ڕەخنە لەو فەرهەنگە دەگرێت کە وای نیشان داوە پێکەوەژیان تەنها لە ئەوروپادایە و دراوسێکانی کورد (تورك، عەرەب، فارس) دوژمنی سەرسەختن.
فێڵێک بە ناوی پێکەوەژیان
د. عومەر عەلی ئاماژە بەو دیاردەیە دەکات کە چۆن میدیاکان کۆمەڵگەی کوردییان بەوە «سەرلێشێواو» کرد کە گوایە لەگەڵ دراوسێکانیدا پێکەوەژیان ئەستەمە. ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە بە لێشاو ڕوویان لە ئەوروپا کرد، بەڵام کاتێک گەیشتنە ئەوێ، دەرکەوت تەنها ئەوروپییەکان نین، بەڵکو دیسان هەر لەگەڵ هەمان تورك و عەرەب و فارسدا تێکەڵ بوون و پەیوەندییان لەگەڵ ئەوروپییەکاندا تەنها لە ئاستی سڵاوێکی ڕووکەشانەدا (های و بای) ماوەتەوە.
ئیسلام وەک بیانووی شەڕەکان
ئەم نووسەرە بە وردی دەستی خستووەتە سەر ئەو ستانداردە دووڕووەی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە ئیسلام هەیەتی. ئەو دەڵێت: «ئیسلامیان وەک سەرچاوەی شەڕ و ئاشوب و نەگبەتی بە ئێمە ناساند، کەچی نەمانزانی هەرکوێ شەڕێکی تێدابێت، ڕەگ و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا.»
وەک نموونە، ئاماژە بە ئەفغانستان دەکات؛ ئەو وڵاتەی کە ٢٠ ساڵ ڕۆژێکی بێ شەڕی بەخۆیەوە نەبینی، بەڵام هەر کە ئەمریکا دەرچوو، شەڕیش کۆتایی هات.
بۆچی «مولحیدەکان» بێدەنگن؟
د. عومەر عەلی پرسیارێکی تووند ئاراستەی ئەو کەسانە دەکات کە هەمیشە هەموو شەڕێکی ناوچەکەیان بە دینەوە گرێ دەدا. ئەو دەڵێت: «ئێستا دەبینین قژ زەرد و چاو سەوزە ڕووسی و ئەوروپییەکان بەربوونەتە یەکتری و پاکتاوی خوێنی یەکتر دەکەن، بەڵام هیچ کەسێک لەو ڕەوتە بیرکردنەوانە نابینین ئەم شەڕە بگرێنێتەوە بە پاڵنەری ئاینییەوە.»
هۆشدارییەکی کۆتایی
لە کۆتاییدا، د. عومەر عەلی هۆشدارییەکی مەترسیدار دەدات و دەڵێت: ئەگەر هۆشیار نەبین و وریای ئەو پیلانگێڕییە میدیایی و فیکرییە نەبین، نەک هەر «دونیامان» لەدەست دەچێت، بەڵکو خەریکن «قیامەتیشمان» لێ دەسێنن.
No Comment! Be the first one.