چاویارنیوز – دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە لێخۆشبوون یان خۆشبوون لە قەرزەکانی کۆمپانیای “کۆرەک تێلیکۆم” دەکەن و جەختی کردەوە کە ئەو پارانە “موڵکی گشتین”.
وردەکاریی گرێبەستە نوێیەکە:
بەپێی گرێبەستێکی “پێکهاتن” (تەسوویە) کە لە ڕێکەوتی 23ی9ی2025 واژۆ کراوە، کۆمپانیای کۆرەک پابەند کراوە بە گەڕاندنەوەی بڕی هەزار و 400 ملیار دینار (١.٤ تریلیۆن) وەک قەرزی چەسپاو.
دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە گەمارۆ نەمانی سەر ئەژمارە بانکییەکانی کۆمپانیاکە، تەنها ڕێکارێکی یاسایی بووە بۆ ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکە، نەک لێخۆشبوون لە قەرزەکان.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە هەیام ئەلیاسری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گومانی لە لادانی گەمارۆی سەر ئەژمارە بانکییەکانی کۆرەک نیشاندابوو و پرسیاری لە چارەنووسی 2 تریلیۆن دینار کردبوو کە لای کۆمپانیاکەیە. دەستەکە دەڵێت: “گرێبەستی پێکهاتن ئامرازێکە بۆ وەرگرتنەوەی مافە داراییەکان، نەک وازهێنان لێیان.”
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان دووپاتی کردەوە کە هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرنە بەر بۆ پاراستنی سامانی دەوڵەت و وەرگرتنەوەی هەر دینارێک کە لە ئەستۆی کۆمپانیاکەدایە.
No Comment! Be the first one.