چاویارنیوز _ دەسکۆ خەسرۆ رۆژنامەنووس باس لەوە دەکات، ئەم حکومەتە، بە دەنگی خەڵکی رەشوڕووت و بە چەپڵەی ئەوان لە حکومڕانین و لەسەر گیرفانی ئەوان هەزاران کۆمپانیایان دامەزراندووە، هاوکات لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەیان هەزار ڤێلاو پڕۆژەی نیشتەجێبوونیان درووست کردووە، خاوەنی زەوییەکانیشییان کرد بە کرێچی و شاگردی کۆمپانیاکانیان. کەچی لە گوتار و رەفتاری سیاسییاندا وا پیشانیدەدەن کە هێشتا فریادڕەسن بۆ رزگارکردنی خەڵک لە بێدەرەتانی، ئەم راکێشانی سۆزی جەماوەرە لە رێگای گوتار و هەڵسوکەوتی پۆپۆلیزمییەوە تەنها ئامرازێکە بۆ مانەوە لە دەسەڵات و زیادکردنی ژمارەی پارەی کۆمپانیاکانیان، دەنا هەرچی باج و باری قوڕسە خراوەتەسەر شانی خەڵکی هەژار و لە بەرانبەردا کۆمپانیاکان لێی بەدەرن.
ئاماژە بەوە دەکات، لە مانگی حەوتی ئەمساڵ حکومەت بڕیاری هەرزانکردنی نرخی بەنزینیدا، بەڵام بڕیارەکە لەلایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی بەنزین جێبەجێنەکرا و بەنزینخانەکان ئەو بەنزینەی هەیانبوو ئامادەنەبوون بیفرۆشن بە هەرزان و تەنەزوولییان نەکرد، لەکاتێکدا خاوەنەکانییان بە پێچەوانەی خەڵکی ڕەش و ڕووت دەنگدەری ئەم دەسەڵاتەنین، تەنانەت زۆربەیان کارتی دەنگدانیشییان نییە.
راشیگەیاندووە، ئەگەر وەک گریمانە بەنزینخانەکان هی ئەم خەڵکە ڕەش و ڕووتەبان کە دەنگدەری دەسەڵاتن و لە ڕیزی پێشەوەن بۆ چەپڵە لێدان، ئەوا نەک بەنزینەکەیان بە زەرەر دەفرۆشت بەڵکو کلیەی خۆشییان دەبەخشی، کەچی حکەمەتە پۆپۆلیستەکە دەستەوەسانە بەرانبەر کۆمپانیاو سەرمایەدارەکان کە بڕیارەکانی جێبەجێ ناکەن ئەگەر بەزەرەریان بێت، لەبەرانبەردا خەڵکی هەژار ئەگەر پەنجا ڕۆژ دوابکەوێت لە پارەدان کارەباکەی دەبڕن.
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی پێکهاتەی حوکمڕانییەوە وەک دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی و ناسراوە نەک حکومەتێکی پۆپۆلیستیی خاوەن گوتاری دژە دەستەبژێر، بەڵام لە ڕووی کرداریی و شێوازی بەڕێوەبردن بەتەواوی ڕەگەزەکانی پۆپۆلیستی تێدا دەردەکەوێت.
دەڵێت: حکومەتی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بڕیاری گرانکردنی نرخی بەنزینی دا بۆ ئۆتۆمبێلی فەرمانگە حکومییەکان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەوە ئۆتۆمبێلی فەرمانگەکان بێ سەرە بەهەمان نرخ بەنزین وەردەگرن لەسەر حکومەت، تەنانەت پێش ئەم قەیرانە لە شارەکان چەند بەنزینخانەیەک دیاریکرابوون بەنزینییان بە نرخێکی هەرزانتر دەدا بە ئۆتۆمبێلی کۆمپانیا تایبەتەکانیش نەک فەرمانگە حکومییەکان.
ئەم جۆرە لە دەسەڵاتی پۆپۆلیستی-شێوازی بەڕێوەبردنی پۆپۆلیزمانە کە گوتارەکەی خزمەتی خەڵکی هەژارە و ڕەفتارەکەی خزمەتی کۆمپانیاکانە، باجەکەی لەسەر خەڵک و بزنسە بچوکەکانە وە شەریک و خاوەنی پڕۆژە گەورەکانە، نموونەی بەس لە هەرێمی کوردستان هەیە.
No Comment! Be the first one.