چاویارنیوز – نووسەر و ڕۆشنبیرێکی دیاری هەرێمی کوردستان هێرشێکی توندی ڕەخنەیی دەکاتە سەر بەرپرسانی باڵای دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، بەوەی کەرتی خوێندنی باڵای گشتی و زانکۆ دایکەکانیان پشتگوێ خستووە و لە بەرامبەردا بوونەتە ئامادەبووی هەمیشەیی و پێشەنگی ئاهەنگە بازرگانی و تایبەتەکان.
توانا ئەمین، نووسەر و وەرگێڕ، لە نووسینێکی توند و سەرنجڕاکێشدا پەردە لەسەر لادانێکی گەورەی ئەخلاقی و کارگێڕیی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان هەڵدەداتەوە و ئاماژە بە بەشداریی بەردەوامی سەرکردە و کاربەدەستانی باڵای حکوومەت لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆ ئەهلی و بیانییەکان دەکات، لە کاتێکدا هەمان ئەو بەرپرسانە هیچ بایەخێک بە کەرتی گشتی و ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆ حکومییەکان نادەن.
توانا ئەمین لە پەیامەکەیدا بە زمانێکی تەوسئامێز و پڕ لە ڕەخنە دەڵێت: «من سەرۆک و جێگری هیچ مەملەکەتێکم نەبینیوە، بۆ ئاهەنگی زانکۆ تایبەت و بیانییەکان بچن و حسابی توورێکی قوڕاویش بۆ زانکۆ حکومییەکانی وڵاتەکەی خۆیان نەکەن!»
ئەم لێدوان و ڕەخنە توندەی ئەو نووسەرە لە کاتێکدایە کە ساڵانە زانکۆ حکومییەکانی وەک سەلاحەدین، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان بە هەزاران دەرچوو لە چین و توێژە کەمدرامەتەکان ئاراستەی کۆمەڵگە دەکەن، بەڵام نە لە کاتی خوێندندا پشتیوانی دارایی و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێ دەدرێت و نە لە کاتی ئاهەنگی دەرچوونیاندا بەرپرسانی باڵا ئامادەییان تێدا دەبینن. لە بەرامبەردا، لوتکەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بە هەموو هێز و پێگەی فەرمییانەوە دەچنە ڕیزی پێشەوەی هۆڵە مۆدێرنەکانی زانکۆ تایبەتەکان، کە تەنیا چینی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووی کۆمەڵگە توانای خوێندنیان لەو ناوەندانەدا هەیە.
چاودێران پێیان وایە ئەم هەڵسوکەوتەی بەرپرسانی باڵا، هێمایەکی ڕوونی بێمتمانەیی خودی دەسەڵاتدارانی هەرێمە بەو سیستمە پەروەردەییەی کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن. ڕەخنەگران دووپاتی دەکەنەوە کە بەشدارییکردنی بەرپرسان لە ئاهەنگی زانکۆ تایبەتەکان و پشتگوێخستنی کەرتی گشتی، نەک تەنیا کەمکردنەوەیە لە پێگە و شکۆی زانکۆ مێژووییەکانی نیشتمان، بەڵکوو برەودانە بە سیاسەتی بەبازاڕکردنی خوێندن و فەوتاندنی هەلی یەکسان بۆ ڕۆڵەی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت.
No Comment! Be the first one.