جاویارنیوز – دەقی ئەو 20 خاڵەی رەوتی هەڵوێستی نیشتیمانی و کۆمەڵی دادگەری بۆ سەرۆک وەزیرانی راسپێدراوی عێراق، کە خۆی دەبینێتەوە لە تەوطین، مووچە، سوتەمەنی, دەرمان، دامەزراندن، ماددەی 140، بەنزین و نەوت، هێزی پێشمەرگە و چەند داواکارییەکی تر.
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
تێڕوانینی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی وکۆمەڵی دادگەری کوردستان بۆ کارنامەی حکومەت.
ڕەوتی هەڵوێستی نیشتیمانی کۆمەڵی دادگەری کوردستانی گوژمەیەک لەداواکاری پێشکەش دەکەن کە بەپێویستی دەزانن بخرێتە ناو کارنامەی حکومەتی عێراقی داهاتوو ، کە دەڕبڕی ڕاستەوخۆی پێداویستی وداواکاری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی عێراقە .
یەکەم : جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە ٢٢٣ و هاوتاکەی ٢٦٩ ساڵی ٢٠٢٣ دەربارەی تەوطین کردنی موچە و شایستەکانی هەرێم ،لەگەڵ دوبارە کارکردن ودەستپێکردنەوەی سەرموچە و زیادە موچەی ڕاگیراو تایبەت بە فەرمانبەرانی هەرێم
دووەم: دەرکردنی یاسای نەوت وگاز و بەبازاڕکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ ،لەپێناو کۆتاییهێنان بەململانێی نەوتی و گەرەنتی کردنی مافەکانی گەلی کورد بەشێوەیەکی هەمیشەیی .
سێهەم : بەیەک چاو تەماشای پارێزگاکانی هەرێم و پارێزگاکانی تری عێراق بکرێت لە بواری دابینکردنی دەرماندا ، بەجێبەجێکردنی بودجەی حاکیمە بۆ دابینکردنی دەرمان بۆ هەرێم بێ جیاکاری
چوارەم : دەستەبەرکردنی سوتەمەنی نەوت وبەنزین و گاز بەنرخی پاڵپشتیکراوی دەوڵەت لەچوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان .
پێنجەم : کردنەوەی لقی بانکەکانی ڕافیدەین وڕەشید لەشارەکانی هەرێم و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ پڕۆژە پێشەسازی وکشتوکاڵی و نیشتەجێبونەکان و پڕۆژەی ئابوری تر .
شەشەم : یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە هەتاببێتە هێزێکی نیشتیمانی پیشەیی ،دوور لە ئینتیمای حزبی ، لەناو سیستمی بەرگری نیشتمانی عێراق بەمەرجێک موچەو شایستەکانیان هاوتای سەرباز وپلەدارەکانی سوپای عێراق بێت .
حەوتەم : کردنەوەی نوسینگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەناو باڵیۆزخانەکانی عێراق نوێنەرایەتی هەرێم بکات،نەک کردنەوەی نوسینگەی حزبی بەناوی نوێنەرایەتی هەرێمەوە ، لەژێر ڕۆشنایی ماددەی ١٢١ی دەستوری عێراقدا .
هەشتەم : سەرلەنوێ کاراکردنەوەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ی دەستور بەمیکانیزمێکی نوێ کە زامنی بەشداری کارای هەموو پێکهاتەکان بکات لەڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و لەماوەیەکی دیاریکراودا .
نۆهەم : جێبەجێکردنی بەنداوەکان وپڕۆژە ستراتیژیەکان لەهەرێم ، هاوتای شارەکانی تری عێراق .
دەهەم : بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بە نەخشەی گەشەپێدانی نیشتمانی بۆ زامنکردنی دابەشکردنی وەبەرهێنان وپڕۆژه حکومیەکان .
یازدەهەم : گۆڕینی ڕێکاری دەنگدانی کارمەندانێ وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەنگدانی گشتی لەپێناو شەفافیەت و پالپشتی خاوێنی هەڵبژاردنەکان .
دوازدەهەم : پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ئابوری نوێ کە پشتبەستوبێت بە بەرهەم هێنان و کشتوکاڵ وپیشەسازی لەجیاتی پشتبەستن بە ئابوری تاکلایەنە و بونیاتنانی ئابوری هەمەچەشن و بەردەوام .
سیانزەهەم : سەپاندنی کارپێکردنی دەستی کاری ناوخۆیی لە کۆمپانیا بیانیەکان ، گرنگیدان بەهەلی کار بۆگەنجان و بەرزکردنەوەی ئاستی کارپێکردنی کرێکاری ناوخۆیی .
چواردەهەم : دەرچواندنی یاسای سەرپەرشتی منداڵ child benefit لەپێناودابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ منداڵانی هەرێمی کوردستان وعێراق ، لەڕێگەی پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی و خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆی کۆمەڵایەتی .
پازدەهەم : دەستەبەرکردنی هەلی یەکسان بۆ سەرجەم کۆمپانیاکان وڕێگرتن لەقۆرخکاری وپاڵپشتی کردنی کومپانیا هاوبەشەکان بەتایبەت لەبوارەکانی پەیوەندی وئەنتەرنێتدا .
شانزەهەم : پاڵپشتیکردنی پاراستنی ژینگە و هاندانی پڕۆژەکانی وزەی خاوێن و نوێ بوەوە .
حەڤدەهەم : گرنگیدان بە مافەکانی مرۆڤ وڕێگری کردن لە ڕاگرتنی زیندانیکراوان بەبێ دادگایی کردنێکی دادپەروەرانە بەپێی دەستور و بنەما نێودەوڵەتیەکان .
هەژدەهەم :پاڵپشتیکردنی سیستمی دڵنیایی تەندروستی وپەرەپێدانی خزمەتگوزاری تەندروستی بەجۆرێک بگاتە دەست سەرجەم هاوڵاتیان .
نۆزدەهەم : گەرەنتیکردنی مافەکانی جوتیاران و پیشەسازکاران وبازرگانانی هەرێمی کوردستان وەک سەرجەم پارێزگاکانی تر .
بیستەم : دابینکردنی ڕێژەیەکی دادپەروەرانە لە دامەزراندن بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست و یەکەمی زانکۆکان و خاوەن پیشە تەندروستیەکان ، وەک هاوشێوەکانیان لەسەرجەم پارێزگاکانی تر .
ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینمان،قبوڵ بکەن .
ڕەوتی هەڵوێستی نیشتیمانی
کۆمەڵی دادگەری کوردستان
No Comment! Be the first one.