چاویار – کورد لە هەرێمی کوردستان، دوای ٣٥ ساڵ لە حوکمڕانیی خۆماڵی، لە دۆخێکی سەختدایە؛ قەرزاریی ملیاری، سستیی دامودەزگاکان و نەمانی متمانە بە لایەنە سیاسییەکان، وایکردووە تاکی کورد تەنها خەمی بژێوی و مووچەی هەبێت. بەڵام کاتێک بەراوردێکی ورد لە نێوان هەرێم و بەغدا دەکەین، ڕاستییەکی تاڵتر دەردەکەوێت.
عێراق لە ئێستادا بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دادەنرێت. سیستەمی حوکمڕانی لەوێ لەسەر بنەمای کڕین و فرۆشتنی پۆستە باڵاکان و بەهەدەردانی سامانی گشتی بنیاد نراوە. جگە لە وێرانیی ژێرخانی ئابووری، مەترسییەکی گەورە لەسەر شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی ئەو وڵاتە هەیە؛ لە زیندانەکاندا مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ بێتاوانەکان دەکرێت و گەندەڵی گەیشتووەتە ناو قووڵایی خێزانەکان.
مافی ڕەوای هاوڵاتییانە کە لەم نادادییەی هەرێم توڕە بن و چاویان لە بەغدا بێت، چونکە ئەوان قوربانیی دەستی گەندەڵین. بەڵام ئەرکی لایەنە سیاسییەکان و ئۆپۆزسیۆنە کە ئەم توڕەییە بۆ مەرامی هەڵبژاردن و ئەجێندای تایبەت نەقۆزنەوە. ناشیرینکردنی مێژوو و ڕەمزە نیشتمانییەکان لەپێناو دەنگ کۆکردنەوە، کارەساتێکی گەورەترە.
ئەگەرچی هەرێمی کوردستان بەدەست دەسەڵاتێکی نادادپەروەرەوە دەناڵێنێت، بەڵام بەغداش مۆدێلێکی وێرانترە کە چارەسەرکردنی مەحاڵ دەردەکەوێت. جەماوەر دەبێت هۆشیارانە خەبات بکات بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی دەسەڵاتی خۆی، بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات کێشەکان ببنە هۆی لەدەستدانی دەستکەوتەکان یان ببنە کەرەستەیەک بۆ یاریپێکردنی هەست و نەستیان لەلایەن پەرلەمانتار و سیاسییە ساختەکانەوە.
نوسینی: پ. د. سەعید عەلی
No Comment! Be the first one.