چاویارنیوز – مامۆستا دڵشاد میرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی وتی: پەرلەمانێک بە دەبابەی بەعس داگیرکرابێت و ئەقڵیەتی خێڵ ئاڕاستەی بکات، هەر وا بێ ئەرزش دەبێت!
مامۆستا دڵشاد میرانی ڕاشیگەیاند: ئەو بینایەی ناو نراوە پەرلەمان، چیتر ناوەندێکی بڕیار نییە، بەڵکو “خەڵوەتگەیەکی سیاسییە” بۆ حەوانەوەی ئەو کەسانەی مێژوو بەسەرچوونیانی واژۆ کردووە.
ئەم دامەزراوەیە بووەتە گەورەترین شانۆگەریی تراجیدی؛ شوێنێک کە تێیدا یاسا دەکرێتە قوربانیی ئەقڵیەتی خێڵ و نوێنەرەکانی وەک مشەخۆر، مووچەی حەرام لە خوێنی میللەت دەدۆشن.
ئەم “خەڵوەتگەیە” نەک هەر بێسوودە، بەڵکو بووەتە بارێکی دارایی قورس لەسەر شانی هاووڵاتییەک کە نانی بۆ پەیدا ناکرێت.
ئەگەر بەراوردێکی سادە بکەین لە تەنها تێچووی یەک مانگی ئەم “خەڵوەتگە” بێبایەخە لە کڕینی “حەیوان”دا خەرج بکرایە، ئێستا کوردستان دەبووە خاوەنی گەورەترین سامانی ئاژەڵداری.
ئەو پارە بەهەدەرچووەی دەچێتە گیرفانی پەرلەمانتارێکی خەوتوو، دەیتوانی هەزاران سەر بزن و هاوشێوەکانی بۆ گوندنشینان دابین بکات.
ئەنجامەکەش ڕوون دەبوو: بەرهەمی ناوخۆ دەبوژایەوە، هەزاران هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسا و چیتر پێویستمان بە گۆشتی هاوردە و بەرهەمی بێگانە نەدەبوو.
بەڵام ئەقڵیەتی خێڵەکی، “بزنێکی بەرهەمهێن” بە مەترسی دەبینێت و “پەرلەمانتارێکی مشەخۆر” بە دەستکەوت!
سوکایەتییەکی گەورەیە کە سامانی ئەم نیشتمانە لە خەڵوەتگەیەکدا بەهەدەر بچێت کە نە دەتوانێت ڕێگری لە گرانبوونی نان بکات و نە دەتوانێت شکۆی خۆی بپارێزێت.
ئەو پەرلەمانتارەی لە کاتی ئازاری خەڵکدا “ونە” و لە کاتی وەرگرتنی مووچەدا “هەیە”، تەنها نوێنەری چاوچنۆکیی خۆیەتی.
کاتی ئەوە هاتووە ئەم دەهۆڵە نایاساییە تێکبدرێت، چونکە میللەتێک ئامادە نییە باجی مانەوەی ئێوە لەسەر کورسییەک بدات کە تەنها بۆن و بەرامەی شکست و ئابڕوچونی لێدێت.
مامۆستا دڵشاد میرانی:
پەرلەمانی کوردستان شوێنێک کە تێیدا یاسا دەکرێتە قوربانیی ئەقڵیەتی خێڵ
ئەم "خەڵوەتگەیە" نەک هەر بێسوودە، بەڵکو بووەتە بارێکی دارایی قورس لەسەر شانی هاووڵاتییەک کە نانی بۆ پەیدا ناکرێت.
No Comment! Be the first one.