چاویارنیوز ـ دۆسیەی شێروان شێروانی دەگاتە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و کەمپینێکی نێودەوڵەتی دەستپێدەکات.
دۆسیەی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی نوێ بەخۆوە دەبینێت. لە نوێترین پێشهاتدا، کەمپینێکی مەدەنی و ڕۆژنامەوانی لە وڵاتی کەنەدا ڕایگەیاند کە دۆسیەی ئەم ڕۆژنامەنووسە و ڕەوشی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستانيان گەیاندووەتە باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەو وڵاتە، ئەمەش لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی نامەیەکی فەرمی بۆ سەرۆکوەزیرانی کەنەدا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی فەرمی “کەمپینی ئازادی بۆ شێروان شێروانی” کە لەلایەن گروپێک لە چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی، نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی نیشتەجێی کەنەدا ڕێکخراوە، زنجیرەیەک چالاکی مەدەنی بەمەبەستی گوشارخستنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئازادکردنی شێروانی دەستیپێکردووە.
کەمپینەکە لە یەکەم هەنگاویدا توانیویەتی پاڵپشتییەکی بەرفراوانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت، بە شێوەیەک کە زیاتر لە ١٠٠ کەسایەتی دیاری بوارە جیاجیاکانی وەک (هونەرمەندان، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و کرێکاران) ناوی خۆیان لە کەمپینەکەدا تۆمار کردووە.
No Comment! Be the first one.