چاویارنیوز _ کیلیان ئمباپێ بە گاڵتەجاڕیەوە ئەو قسانەی ڕەتکردەوە کە گوایە لە ڕیاڵ مەدرید دڵتەنگە بەهۆی ئەوەی پشتگیری نەکردووە لە کێبڕکێی بردنەوەی تۆپی ئاڵتونیدا.
خافێر تینتۆ، شارەزای ڕادیۆ مارکا ئیدیعای کردووە، ئمباپێ لە هەفتەی پێش دێربی مەدرید داوای لە ئیدارەی یانەی ڕیال مەدرید کردووە کە پشتگیری زیاتری میدیایی بکەن بۆ ئەوەی بەختی بەدەستهێنانی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی بەرزتر بکاتەوە؛ داواکارییەک کە ئەو شارەزایە وتی، بە وەڵامێکی نەرێنی لەلایەن یانەکەوە پێشوازی لێکرا. تینتۆ ئەو پرسەی گرێدایەوە بە ئاست و هەڵسوکەوتی هێرشبەرە فەرەنسییەکە لە کاتی یاری دێربی بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید و ئیدیعای کرد کە ناڕەحەتی ئمباپێ دەتوانێت هۆکاری نەبوونی جوڵەی ئەو لە بەشێک لەو یارییەدا ڕوون بکاتەوە و ڕایگەیەند؛
“بە پێی ئەوەی پێم وتراوە ئمباپێ لە هەفتەی دێربی داوای لە یانەکەی کردووە بانگەشەی بۆ بکات، بەڵام یانەکە ڕەتیکردەوە، بە پێی ئەو ڕوونکردنەوە، ئێستە من زیاتر لە ڕەفتاری ئەو لەو یارییەدا تێدەگەم”.
تینتۆ هەروەها ئیدیعای کردووە کە ئمباپێ داوای لە زەیدانیش کردووە کە پاڵپشتی بکات لە کێبڕکێی تۆپی ئاڵتونی، بەڵام زەیدان ڕەتیکردەوە ئەو کارە بکات بەهۆی بوونی عوسمان دێمبلی فەرەنسی هاوڕێی ئمباپێ لەنێو پاڵێوراوانی خەڵاتەکەدا. ئەم هەواڵە بە خێرایی گەیشتە ئمباپێ، ئەستێرەی ڕیال مەدرید بڕیاریدا بە شێوەیەکی شەخسی وەڵام بداتەوە. لە ژێر ئەو پۆستەی ڕادیۆ مارکا کە ئەو ئیدیعایەی بڵاوکردبووەوە، لەگەڵ چەندین ئیمۆجی گاڵتەجاڕانەدا نووسیویەتی: “بەڵێ، بە دڵنیاییەوە؛ منیش لە پوورە گەورەکەم توڕە بووم.”
وەڵامی کورت و گاڵتەجاڕانەی ئمباپێ لە ڕاستیدا ئینکاری ئەو گێڕانەوەیە بوو کە ڕادیۆ مارکا پێشکەش کرا؛ بابەتێک کە لە چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی ئیسپانیا وەک ڕەتکردنەوەی ئیدیعای ناڕازیبوونی ئەستێرە فەرەنسییەکە لە یانەکە ڕەنگدانەوەی هەبووە. لە ئێستادا هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ قسەکانی تینتۆی پشتڕاست نەکردۆتەوە سەبارەت بە داوای ئمباپێ بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی تۆپی ئاڵتونی لە یانەی ڕیال مەدریدەوە، تاکە هەڵوێستی گشتی یاریزانەکەش ئەم کاردانەوە گاڵتەجاڕییە بووە لە سۆشیال میدیا.
No Comment! Be the first one.