چاویارنیوز _ ژائۆ کانسێلۆ دوای گەڕانەوەی بۆ بەرشەلۆنە، جەختی لەوە کردەوە کە تاکە ئارەزووی گەڕانەوەی بووە بۆ ئەم تیپە و بردنەوە لەگەڵ ئەو یانەیە بە جیاواز دەزانێت لە هەموو پاڵەوانێتییەکانی لە خولە بەناوبانگەکانی ئەوروپادا.
ئەمڕۆ کانسێلۆ بە گواستنەوەی بێ بەرامبەر پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە کردووە و گرێبەستێکی سێ ساڵەی لەگەڵ یانەکەی واژۆ کردووە. بەرگریکارە پورتوگالییەکە لە ئاهەنگی پێشکەشکردنیدا سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ بەرشەلۆنە وتی؛ “تەنها ویستم بچمە بەرشەلۆنە و ئەمجارەیان بەشێوەیەکی باش خەونەکەم بەدیهێنا، دوو هەفتەی ڕابردوو بۆ من قورس بوو، بەڵام هەموو شتێک لە مێشکمدا ڕوون بوو، بەرشەلۆنە تاکە شوێن بوو کە ویستم بچمە ئەوێ”.
کانسێلۆ کە پێشتر یاری بۆ بارسا کردووە، هەروەها سەبارەت بە باری جەستەیی خۆی دەڵێت؛ زۆر ئاشنام بە کەلتوری تۆپی پێی ئەم یانەیە، لە هاویندا زۆر لە مەشق و ڕاهێنان و یاریکردن دوور نەبووم و دۆخێکی باشم هەیە، ڕاهێنەر بڕیار دەدات، بەڵام من ئامادەم بۆ یاریکردن.
بەرگریکاری پورتوگالی تەمەن 32 ساڵ لە درێژەدا نازناوی لالیگای بەرشەلۆنەی وەرزی ڕابردوو بەراورد کرد لەگەڵ ئەو جامانەی کە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بەدەستی هێناوە و دەڵێت: من نازناوی پرێمەرلیگ و سێریا ئەی و بۆندسلیگام بەدەستهێناوە، بەڵام بردنەوەی لالیگا لە وەرزی ڕابردوودا هەستێکی جیاواز بوو، بە تەواوی نازانم هۆکارەکەی، بەڵام خۆشەویستییەکی تایبەتم بۆ ئەم یانەیە هەیە.
هەروەها کانسێلۆ ئاشکرای کرد کە حەز و ئارەزووی لەبەرکردنی درێسی بەرشەلۆنە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر و وتیشی؛ “کاتێک لە ڤالێنسیا بووم، دەرفەتێکم هەبوو بۆ یاریکردن لەگەڵ بەرشەلۆنە بەڵام ئەوە ڕووینەدا، لە مانچستەر سیتیش هەمان شت بوو، هەمیشە ویستم بزانم هەستی یاریکردن بۆ بەرشەلۆنە چۆن دەبێت”.
No Comment! Be the first one.