چاویارنیوز – وەزارەتی دادی ئەمەریکا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێکی مەنسور بارزانی دەدات
وەزارەتی دادی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای فیدراڵیی کالیفۆرنیا تۆمار کرد، بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێک لە ناوچەی “بێڤەرلی هیڵز”.
بەپێی سکاڵاکە، ئەم کۆشکە کە هی مەنسور بارزانی، کوڕی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە بڕی ٣٠ ملیۆن دۆلار لەو پارانە کڕدراوە و نۆژەن کراوەتەوە کە لە ڕێگەی “پلانێکی گەورەی فێڵکردن، بەرتیلدان و سپیکردنەوەی پارەوە” بەدەستهاتووە.
وردەکارییەکانی دۆسییەکە
بەپێی ئەو بەڵگانەی پێشکەش بە دادگا کراون، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٠، کۆمپانیایەکی دابینکاری کەرەستەی بەرگری کە بنکەکەی لە ویلایەتی ڤێرجینیایە، لەگەڵ چەند لایەنێکی تر تێوەگلاون لە پلانێکی گەندەڵی بۆ بەدەستهێنانی زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار لە “ئاژانسی لۆجیستیی بەرگریی ئەمریکا” (DLA).
ئەم پارەیە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بووە بۆ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کاتی ئۆپەراسیۆنی “ویستی پتەو Operation Inherent Resolve” کە هەڵمەتی هاوپەیمانان بوو دژی گرووپی تیرۆریستیی د1عــش.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە هێزەکانی پێشمەرگە ئاسایش و چوونەژوورەوەیان تێدا کۆنترۆڵ کردبوو، خاڵێکی سەرەکی و ستراتیژی بووە بۆ گەیاندنی سووتەمەنی بە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
بەرتیل و قۆرخکاریی
تۆمەتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسانی کۆمپانیا ئەمریکییەکە ڕێککەوتوون لەگەڵ “جەنەراڵ مەنسوور بارزانی”، کە وەک بەرپرسێکی باڵای پێشمەرگە ناسێنراوە، بۆ ئەوەی بڕی ٠.٢٥ دۆلار (٢٥ سەنت) بۆ هەر لیترێک سووتەمەنی فڕۆکە، “وەک بەرتیل پێشکەشی بکەن.”
لە بەرامبەر ئەمەدا، مەنسوور بارزانی مافی “قۆرخکاری و دەستڕاگەیشتنی تایبەت”ـی بەو کۆمپانیایە داوە بۆ گەیاندنی سووتەمەنی فڕۆکە بۆ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
لەو ماوەیەدا، ڕێگری لە کۆمپانیا ڕکابەرەکانی تر کراوە کە سووتەمەنی بگەیەننە فڕۆکەخانەی هەولێر. ئەمەش وایکردووە ئاژانسی (DLA)ـی ئەمریکی ناچار بێت گرێبەستی کڕینی یەکجارەکی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە واژۆ بکات، زۆرجار بە نرخگەلێکی زۆر گرانتر لە نرخی ڕاستەقینە و بەبێ هەبوونی کێبڕکێی بازاڕ.
کڕینی کۆشکەکەی بێڤەرلی هیڵز
سکاڵاکە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو پارانەی کۆمپانیاکە لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وەریگرتووە، گوازراوەتەوە بۆ سندوقێکی دارایی بەناوی (NYJD Trust No.1) لە ویلایەتی ڤێرجینیا، کە بە تایبەت بۆ بەرژەوەندییەکانی “مەنسور بارزانی” دامەزرێنراوە.
لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلار لەو سندوقەوە گوازراوەتەوە بۆ کڕینی کۆشکێکی گەورە لە ناوچەی “بێڤەرلی هیڵز”ـی کالیفۆرنیا. هەروەها لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٢، بڕێکی تر پارە هەر لە سندوقە بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کۆشکەکە خەرجکراوە.
لێکۆڵینەوە و ڕێکارە یاساییەکان
ئەم دۆسیەیە بە هەماهەنگی لە نێوان سێ دەزگای گەورەی ئەمریکی لێکۆڵینەوەی تێدا کراوە، کە بریتین لە: نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، خزمەتگوزاری لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرگری (DCIS) و بەشی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی باجی ئەمریکا (IRS-CI).
وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەرکی ئەوان بڕینی سەرچاوەی دارایی تاوانەکان و پاراستنی سیستەمی دارایی ئەمریکایە لە سپیکردنەوەی پارەی گەندەڵی نێودەوڵەتی.
لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی داد جەختی کردووەتەوە کە سکاڵاکە و بەگشتیش هەر سکاڵایەکی شارستانی، تەنها تۆمەتە و تا ئەو کاتەی لە دادگا بە بەڵگەی تەواو نەسلمێنرێت کە داراییەکان پەیوەندییان بە تاوانەوە هەیە، کەسەکان بە بێتاوان دادەنرێن.
No Comment! Be the first one.