چاویارنیوز – وینسرۆپ ڕۆجەرز، ڕۆژنامەنووسی بنکۆڵکاری ئەمریکی، لە نوێترین بڵاوکراوەیدا پەردەی لەسەر گرێبەستێکی دارایی گەورە لادا کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەجید گلی، پەیامنێری پێشووی کەناڵی ڕووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان، واژۆ کراوە.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی ڕۆجەرز بڵاوی کردوونەتەوە، گرێبەستەکە لەلایەن “شەعبان شەعبان چالی”، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان (سەرۆکی نووسینگەی مەسرور بارزانی)، واژۆ کراوە. تێیدا هاتووە کە مەجید گلی مانگانە بڕی ١٦,٥٠٠ دۆلار وەک مووچەی بنەڕەتی و بڕی ١٠,٠٠٠ دۆلاری دیکە وەک خەرجی (Expenses) وەردەگرێت، کە کۆی گشتی دەکاتە ٢٦,٥٠٠ دۆلاری مانگانە.
بەپێی زانیارییەکانی نێو گرێبەستەکە، تێچووی ساڵانەی خزمەتگوزارییەکانی مەجید گلی بۆ حکومەتی هەرێم دەگاتە ٣١٨,٠٠٠ دۆلار. ئەگەر گرێبەستەکە بۆ ماوەی چوار ساڵ وەک ئەوەی بۆی دیاریکراوە بەردەوام بێت، کۆی گشتی ئەو پارەیەی وەریدەگرێت دەگاتە یەک ملیۆن و ٢٧٢ هەزار دۆلار.
مەجید گلی، کە لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا بە ناوی (عەبدولمەجید عەبدولمەجید) تۆمار کراوە، وەک “ڕاوێژکاری تایبەت بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیهانییەکان” لە چوارچێوەی ڕێکخراوێک بە ناوی “کۆمیتەی کوردیی ئەمریکی – AKC” کار دەکات.
ڕۆجەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە “کۆمیتەی کوردیی ئەمریکی” لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە فەرمی لە وەزارەتی داد وەک “بریکاری بیانی” (FARA) بۆ نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێم تۆمار کراوە. ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەم کۆمیتەیە بریتییە لە “بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی هەرێمی کوردستان، مێژوو، کولتوور و گەلەکەی” لە لایەن حکومەتی ئەمریکا، کۆنگرێس و ڕای گشتی.
ئەم ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کردووە کە چالاکییەکانی ئەم کۆمیتەیە تا ئێستا ڕوون نین، بەڵام مەجید گلی پێشتر لە میدیاکانی سەر بە باڵی ڕاستڕەوی ئەمریکا، وەک “فۆکس نیوز”، وتاری بڵاوکردووەتەوە و تێیدا پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا کردووە بۆ توندکردنەوەی فشارەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و گروپە پرۆکسییەکانی لە ناوچەکەدا. دیدن کمتر
ڕۆژنامەنووسی بنکۆڵکاری ئەمریکی ئاشکرای کرد؛
بەناوی لۆبیکردنەوە مەسرور بارزانی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆڵار دەداتە ڕۆژنامەنووسێک
مەجید گلی مانگانە بڕی ١٦,٥٠٠ دۆلار وەک مووچەی بنەڕەتی و بڕی ١٠,٠٠٠ دۆلاری دیکە وەک خەرجی (Expenses) وەردەگرێت، کە کۆی گشتی دەکاتە ٢٦,٥٠٠ دۆلاری مانگانە.
No Comment! Be the first one.