چاویارنیوز – رێوڕەسمی تایبەتی بەڕێکردن و ماڵئاواییکردن و دواتر بە خاکسپاردنی تەرمی ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی ڕێبەری شەهیدی ئێران ڕۆژی هەینی دەستپێکرد.
تەرمی ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 3ی تەمموزی 2026، بۆ مزگەوتی گەورەی تاران (موسەڵلای تاران) گوێزرایەوە و شاندە بیانییەکان بەشداریان لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمەکە کرد.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرنامەیەکی یەک هەفتەیییان بۆ “ماڵئاوایی، بەڕێکردن و بە خاکسپاردنی” تەرمی ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی داناوە و پێشبینی دەکرێت “ملیۆنان کەس” لە رێوڕەسمەکاندا بەشدار بن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لە نزیکەی 100 وڵاتەوە شاندی فەرمی، یان کەسایەتی و گرووپی جەماوەری بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە دەبن.
بەقایی گوتی، لە وڵاتانی دراوسێوە شاندی ئاستبەرز لە تاران ئامادەن. هەروەها لانیکەم 8 سەرۆکی وڵات واتە سەرۆک کۆمار یان سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی 12 وڵات بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن.
بە گوتەی بەقایی، لە ژمارەیەک وڵاتی دیکەشەوە لەسەر ئاستی وەزیری دەرەوە یان وەزیرەکانی دیکە و نوێنەرانی تایبەت ئامادەییان دەبێت.
ئیسماعیل بەقایی روونیکردەوە، لە ئەورووپای رۆژهەڵاتیشەوە شاندی فەرمی و کەسایەتییە جەماوەرییەکان و نوێنەرانی پەرلەمان لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێراندا ئامادە دەبن، بەڵام لەو وڵاتە ئەورووپییانەی پشتگیری هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانیان کردبوو، هیچ کەس و لایەنێک بانگهێشت نەکراون.
چەند شاندی باڵا لە هەرێمی کوردستانەوە لە تارانن، لەوانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالیست.
هەروەها نزار ئامیدی سەرۆک کۆمار و هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و چەند ساندی باڵای سیاسی دیکە لەوانە حەشدی شەعبی لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدارن.
No Comment! Be the first one.