چاویارنیوز – وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، جەختی کردەوە کە سیاسەتی تورکیا بریتی نییە لە ناردنی هێزی سەربازی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەی بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش.
فیدان لە لێدوانێکیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاند: “تورکیا هیچ هێزێکی سەربازی بۆ خاکی وڵاتێکی تر ڕەوانە ناکات بۆ ئەنجامدانی هێرش”.
ناوبراو سەبارەت بە «ڕێککەوتنامەی مەککە» ڕوونی کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنە بنەماکەی بەرگرییە نەک هێرشبەری؛ واتە لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندام، وڵاتانی دیکە پابەندن بەوەی پشتیوانی لێ بکەن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی مەککە، ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە شێوازەکانی پشتیوانیکردنی عەرەبستانی سعوودی بەرامبەر بە هێرشەکانی حووسییەکان.
دۆخی دەریای ڕەش
لەلایەکی دیکەوە و سەبارەت بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، هاکان فیدان هۆشداری دا لە مەترسیی بەرفراوانبوونی ململانێکان و جەختی کردەوە لەسەر “پێویستیی ڕێگری لە گۆڕینی دەریای ڕەش بۆ بەرەیەکی نوێی جەنگ”. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە مەدەنییەکان لەو دەریایە، ئێستا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دروست کردووە.
No Comment! Be the first one.