چاویارنیوز – سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە توندی هۆشداری دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەگەری هەر چەشنە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی نوێ و ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران توانای ئەوەی هەیە زیانی بەرفراوان و قەرەبوونەکراو بە ژێرخانە هەستیار و ستراتیژییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بگەیەنێت.
سەرلەشکەر موحسین ڕەزایی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەگەر شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا هەڵگیرسێت، وەڵامی تاران زۆر فراوانتر لە جاران دەبێت و ئاستی پێکدادانەکان تەنیا لە چوارچێوەی سەربازیی باودا نامێنێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی پێگەی جیۆپۆلیتیکی و سەربازیی ئێرانەوە، لە ئەگەری سەرهەڵدانی گرژیی نوێدا ژمارەیەکی زۆر لە کەیبڵە ژێردەریاییەکان، ناوەندەکانی داتا (دەیتا سەنتەرەکان)، دامەزراوەکانی ژیریی دەستکرد و وێبگە گرنگەکان لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج و لەناو دەبرێن؛ ئەو ژێرخانانەی کە بەهاکەیان بە زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ڕەزایی هەروەها گەرووی هورمزی وەک کارتی بەهێزی دەسەڵاتی تاران وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هاتوچۆ لەو گەرووە ستراتیژییەدا بە تەواوی لەژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی ئێراندایە. ناوبراو باسی لەوە کرد کە واشنتۆن و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی هەوڵ دەدەن بە قاچاخچێتی و لە ڕێگەی بۆری و هێڵی بەدیلەوە گەمارۆکان تێپەڕێنن، بەڵام ئێران شەوانە ئەو بەلەمانە دەکاتە ئامانج و ڕێگە بە شکاندنی گەمارۆکان نادات.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە درێژەی هۆشدارەکانیدا بۆ کۆشکی سپی ڕایگەیاند، هەتا مەرجە حەوتینەکانی ئێران بە ڕوونی و بێ ناڕوونی قبووڵ نەکرێن، گەرووی هورمز ناکرێتەوە. ناوبراو پێداگریی کرد کە دەستدرێژی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تاران باجێکی گەورەی بۆ ئەمریکا دەبێت و وتی: «ئەگەر ئەمڕۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیکە ڕوو بدات، دڵنیابن بە بەرنامەیەکی زۆر بەرفراوانتر و کارەساتبارترەوە پێشوازی لە دوژمن دەکەین.»
No Comment! Be the first one.