چاویارنیوز _ لە بەرلینی ئەڵمانیا و ئەو شوێنەی جگە لەوەی دیاسپۆرایەکی گەورەی کوردیی لێ دەژیت، ئەم ساڵانەی دوایی لە باڵەخانەیەکی کۆنە و نێوەندێکی کولتوورییە و بە “ڤیللا ئولمە” دەناسرێ، فێستیڤاڵی هونەر و کولتووری کوردی بەڕێوەدەچوو.
فێستیڤاڵێک کە ساڵانە گەنجانی کوردستانی و ئەڵمانیا دەستە دەستە لە هەموو شارەکانەوە بۆی دێن و جگە لە باسی جدی کارە هونەرییەکانیان نمایش دەکەن، بزنسەکانیان دەناسێنن، خواردنی کوردەواری دروست دەکەن و گرووپەکانیش دەست لەناو دەست تا ئەژنۆکان بڕستیان لەبەر دەبڕێ و نێوچەوانەکان لە ئارەقدا شەڵاڵ دەبن، بەدەم گۆرانی و میوزیکی کوردییەوە شایی و لۆغانیانە، هەریەک لە مەکسیم عیسا، سەرۆکی فێستیڤاڵی هونەر و کولتووری کوردی – بەرلین و گونای داریجی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی یەکمال میوانی دیاسپۆرا بوون و قسەی زیاتریان لەسەر فێستیڤاڵەکە کرد.
سەرەتا مەکسیم عیسا گوتی، فێستیڤاڵی هونەر و کولتووری کوردی لە بەرلین ساڵانە رێک دەخرێت و ئەمساڵ بۆ ئێمە قۆناخێکی مێژووییە بەهۆی رووخانی ئەسەد و لە رۆژئاوای کوردستان قۆناخێکی نوێی سیاسی دەستیپێکردووە بۆیە لە فێستیڤاڵەکەدا گرنگی زۆرمان داوە بە رۆژئاوای کوردستان و گوتارێکیش لەسەر دۆخی سیاسیی رۆژئاوای کوردستان پێشکەشدەکرێت، هەروەها گوتی بەگشتی فێستیڤاڵەکە لەسەر کولتوور، سیاسی و هونەری کوردییە، عیسا هەروەها ئامژەی بەوەدا کە گرووپی هونەری رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن و دوو هونەرمەندیش کە خزمەتیان بە بە هونەری کوردی کردووە هەڵدەبژێرن و خەڵاتیان دەکەن، جگە لەوانە سەرۆکی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەدا کە لە میانی فێستیڤاڵەکەدا وۆرکشۆپێک بەڕێوەدەچێت و دوو فیلمیش نمایش دەکرێن.
هەر لە میانی قسەکانیدا مەکسیم عیسا گوتی، تەنیا کوردی نیشتەجێی ئەڵمانیا نا بەڵکو بەشێکی زۆری دیاسپپۆرای کورد لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا بۆ بەشداریکردنی فێستیڤاڵەکە دێنە بەرلین.
لای خۆیەوە گونای داریجی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی یەکمال ئاماژەی بەگرنگی هەبوونی فێستیڤاڵی هاوشێوە دا و گوتی، کورد بە ناسنامە و زمانی خۆی لە دیاسپۆرا جێگەی خۆی دەگرێت، لەبارەی کۆمەڵەکەشیان کە بەشداری فێستیڤاڵەکەن گوتی لە باکووری کوردستان ئازادی لەبەردەم کۆمەڵەکان نییە و ئێمە چوار ساڵە خەبات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەکەیان دەکەن و پلانی زۆریان بۆ داهاتوو دارشتووە و تەنیا بۆ کورد کارناکەن، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، بەرەوپێشچوونی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا زۆر گرنگە بۆ بەهێزبوونی پێگەی دیاسپۆرای کوردی.
No Comment! Be the first one.