چاویارنیوز _ لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی ئینتەر میامی هەفتەی داهاتوو دەچێتە ئیسپانیا و خەڵاتی بەناوبانگی شازادەی ئەستوریاس وەردەگرێت. کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یەکەم یاریزانی تۆپی پێیە لە مێژووی ئەو خەڵاتەدا کە بە تاک لە بەشی وەرزشدا ڕێزی لێبگیرێت.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ئۆکتۆبەر لیۆنێل مێسی بگاتە شاری ئۆڤیدۆی لە باکووری ئیسپانیا و بەشداری لە ئاهەنگی خەڵاتی شازادەی ئەستوریاس بۆ ساڵی 2026 بکات. ئەستێره تەمەن 39 ساڵەکه، کە ساڵانێکی زۆر له ژیانی پڕۆفشناڵی وەرزشی خۆی له بارسێلۆنا بەسەر برد، ئەمجاره دەگەڕێتەوه بۆ ئیسپانیا بۆ وەرگرتنی یەکێک له خەڵاتە ناوبانگەکانی ئیسپانیا. دەزگای شازادەی ئەستوریاس ڕۆژی 3ی حوزەیران ڕایگەیاند، خەڵاتی وەرزشی ساڵی 2026ی پێبەخشراوە بە لیۆنێل مێسی. لە ڕوونکردنەوەی هەڵبژاردنەکەدا، دەستەی سوێندخواردن ستایشی دەستکەوتە وەرزشییەکانی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە و بەهرە ناوازەکانی کرد، هەروەها کارە مرۆییەکانی لە باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و چاودێری تەندروستی بۆ منداڵانی کەمدەرامەت بووە بە هۆی پێدانی ئەم خەڵاتە بەو ئەستێرەیە.
گرنگی ئەم خەڵاتە بۆ مێسی تەنها بە شکۆمەندی مێسی سنوردار نییە، بەڵکوو مێسی یەکەم یاریزانی تۆپی پێیە کە تەنها لە بەشی وەرزشیدا خەڵاتی شازادەی ئەستوریاس وەربگرێت. پێشتر چاڤی هێرناندێز و ئیکەر کاسیاس لە ساڵی 2012 بە هاوبەشی خەڵاتەکەیان وەرگرتبوو، هەروەها هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوای بردنەوەی جامی جیهانی 2010 هەمان خەڵاتی بەدەستهێنابوو. بەپێی بەرنامەی ڕاگەیەندراو، مێسی ڕۆژی پێنجشەممە 22ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر 17:30 بەکاتی ناوخۆ لە کۆشکی وەرزشی ئۆڤیدۆ لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکار و گەنج و ئەندامانی کۆمەڵگەی پەروەردەیی کۆدەبێتەوە. ئەو کۆبوونەوەیە بەشێکە لە بەرنامە ڕۆشنبیرییەکانی دامەزراوەی شازادەی ئەستوریاس و بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندی نێوان کەسایەتییە دیارەکان و نەوەی گەنج بەڕێوەدەچێت.
No Comment! Be the first one.