چاویارنیوز _ دادگای باڵای 22ـی سزا قورسەکانی ئەنقەرە، داواکاریی دەمپارتیی بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپەی ڕەت کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی ڕۆژی 8ـی تەمووز، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بۆ جاری سێیەم هێشتنەوەی دەمیرتاش و یوکسەکداغ و هاوڕێکانیانی لە دەستبەسەریدا بۆ ماوەیەکی درێژ، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ناو برد و داوای لە تورکیا کرد ئازادیان بکات.
دەمپارتی لە 11ـی ئەم مانگەدا بە پاڵپشتیی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، داواکاریی بۆ ئازادکردنی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە و هاوڕێکانیان پێشکەش کرد.
دادگای باڵای 22ـی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بە پاساوی ئەوەی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا هێشتا یەکلاکەرەوە نییە و پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە، ڕەتی کردەوە ئازادیان بکات.
یەکەمجار لە 20-11-2018، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیارێکی بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش دەركرد و داوای لە دادگای توركیا كرد ڕێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی. دادگای ئەورووپا پێی وابوو دەستگیركردنەكەی دەمیرتاش بە تۆمەتی تیرۆر، هەوڵێك بووە بۆ “كرپكردنی دەنگی جیاواز.”
دەمیرتاش و یوکسەکداغ لە 4ـی تشرینی دووەمی 2016دا دەستگیر کران و ماوەی نزیکەی نۆ ساڵە لە زینداندان. چەندین تۆمەتی جیاوازیان دراوەتە پاڵ. دەستگیرکردنەکەیان مشتومڕێکی زۆری لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەش دروست کرد، بەڵام تورکیا ڕەتی کردەوە ئازادیان بکات و ئەردۆغان وتی “پابەندی بڕیارەکە نابین”.
داواکاریی دەمپارتی ڕەت کردەوە؛
دادگای تورکیا هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە ئازادناکات
دادگای باڵای 22ـی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بە پاساوی ئەوەی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا هێشتا یەکلاکەرەوە نییە و پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە، ڕەتی کردەوە ئازادیان بکات.

No Comment! Be the first one.