چاویارنیوز – پارتی ئاڵای سپی هەڵکرد و بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک تەسلیم بوونی ڕاگەیاند.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ڕۆژی شەممە ٢٧ی حوزەیران بڵاویکردەوە، داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی براوەی هەڵبژاردن کرد پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە، تاوەکو سەرجەم گفتوگۆ و کێشەکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم ببرێنە ناو هۆڵی پەرلەمان.
پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە کاتێک کۆبوونەوە و پەیامە دووقۆڵی و چەندقۆڵییەکان بێ ئاکام دەبن، پێویستە گفتوگۆکان لە شەقام و میدیاکانەوە بگوێزرێنەوە سەر مێزی یاسایی، و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵەکەدا بەرپرسیار بن لە دۆزینەوەی چارەسەری بەرهەمدار، بە جۆرێک هەموو لایەک پابەندی بڕیارەکانی پەرلەمان بن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە” دوای هەڵبژاردنەکان، پارتی چەندین سیناریۆی بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێ خستووەتەڕوو، بەڵام سەرەڕای هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەدەنگەوەهاتنی ئەرێنیی پێویست لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە بەدی نەکراوە.”
پارتی هۆشداری دەدات لەوەی کە بەردەوامبوونی ئەم چەقبەستووییە سیاسییە، بەتایبەت لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەدا، زیانی گەورە بە ئەزموون و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و سوودی بۆ هیچ لایەک نابێت؛ بۆیە پێویستە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لەبەرچاو بگیرێت.
ئەم بڕیار و داوایەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، دوای ئەوە دێت کە ئەم لایەنە لە هەموو هەوڵەکانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بەبێ لایەنەکانی دیکە شکستی هێنا و هیچ یەک لە ئامانجەکانی لە پەراوێزخستنی لایەنەکانی دیکە نەهاتنە دی.
No Comment! Be the first one.