چاویارنیوز ـــ هۆڵی ئەکادیمیای نیشتمانی زانستی کازاخستان لە شاری ئەلماتی میوانداری “شەوی هونەر و سینەمای ئێران”ی کرد. ئەم چالاکییە کە لە لایەن ناوەندی فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ئاڵماتی بەڕێوە چوو، لەلایەن کۆمەڵێک کەسایەتی ناسراوی میدیایی، فەرهەنگی، هونەری و زانستی خەڵکی کازاخستان و ئێرانییەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە پێشوازی لێکرا.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، ئۆلار موکاژانۆڤ، سەرۆکی ئەکادیمیای نەتەوەیی زانستی کازاخستان، ئاماژەی بە پێگەی بەرزی سینەمای ئێران لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا کرد و وتی: ئێران لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە و هونەری سینەما لەم وڵاتەدا بە بردنەوەی چەندین خەڵات لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان پێشەنگە.
ناوبراو هەڕوەها جەختی لەسەڕ بەردەوامی و پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ ناوەندی فەڕهەنگی ئێران کرد که ساڵی ڕابردوو دەستی پێکردووە.
لە درێژەدا خاتوو سۆنا ئەحمەدی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە ئەلماتی، وتی: سینەمای ئێران دەستکەوتی زۆری لە ئاستی جیهانیدا بەدەستهێناوە و ئەمساڵ فیلمی “لە باوەشی دار” وەک یەکێک لە نوێنەرانی سینەمای ئێران بۆ کێبڕکێی خەڵاتی ئۆسکار ناسێندرا.
حوسێن ئاغازادە، بەرپرسی ناوەندی فەرهەنگیی ئێران لە ئاڵماتی، جەختی لە قووڵایی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەر دوو وڵات کردەوە و وتی: هاوکاریی نێوان ئێران و کازاخستان بە توندی بەردەوامە. نمایشی سەرکەوتووانەی یەکەمین فیلمی ئەنیمەیشنی ئێرانی بە ناوی “ڕامێشکا” لە سینەماکانی کازاخستان نموونەیەکی ڕوونی گەشەی ئەو هاوکاری و مامەڵانەیە.
ناوبراو فیلمی “لە باوەشی دار”ی بە کارێکی مانادار و کۆمەڵایەتی وەسف کرد کە بابەتی گرنگی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ بە زمانێکی کاریگەر وێنا دەکات.
دوای پێشکەشکردنی وتارەکان فیلمی “لە باوەشی دار” نمایشکرا. ئەم فیلمە کە تیشک دەخاتە سەر گرنگی پاراستنی بناغەی خێزان، چیرۆکی قەیرانی خێزانێک دەگێڕێتەوە.
بەشی کۆتایی بەرنامەکە تایبەت بوو بە ئاهەنگگێڕان بە کولتوور و ئەدەبی هاوبەشی هەردوو وڵات. لەم بەشەدا دوو خوێندکاری هەرزەکاری کازاخی کە لە پێشبڕکێی مەجازی “خوێندنەوەی شیعر و وتەی ژیرانە ئابای قۆنانبایێڤ” هەڵبژێردرابوون، خەڵاتی فەرهەنگییان پێبەخشرا.
ئەم هەرزەکارانە لە بەرهەمەکانیاندا شیعرێکی “ئابای”یان بە تەوەری وەرگرتنی ئیلهام لە شاعیرانی گەورەی فارسی زمان وەک حافز، سەعدی و مەولەوی و ئامۆژگارییەکانی سەبارەت بە گرنگی فێربوونی زمانی فارسی بۆ کازاخییەکان خوێندەوە.
لە پەراوێزی چالاکییەکەدا دوو پێشانگای ڕۆشنبیری بەڕێوەچوو. یەکەمین پێشانگا کە لەلایەن ناوەندی فەرهەنگی ئێرانەوە سازکرابوو، کاری دەستی، هێمای هونەری، شوێنە گەشتیارییەکان و پۆستەری فیلمە بەناوبانگەکانی ئێرانی تێدابوو.
هەروەها ئەکادیمیای زانستی کازاخستان هەڵبژاردەیەک لە دەستنووسە کۆنەکانی فارسی لە کۆمەڵە خەزێنەی خۆیدا نمایش کرد. ئەم کۆمەڵەیە دیوانە بەنرخەکانی شاعیرانی بەناوبانگی فارس لەوانە حافز، سەعدی و مەولەوی لەخۆگرتبوو، هەروەها کتێبی دەرسی زمانی فارسی کۆن کە قووڵایی مێژوو و کاریگەریی زمان و ئەدەبیاتی فارسی لە ناوچەکەدا نیشان دەداتی تێیدا بوو.
No Comment! Be the first one.