چاویارنیوز – «ئەردۆگان ئەو مۆدێلەی داهێنا کە چۆن ئۆپۆزسیون، وەک بیجامە، بە پێی خۆت بدوریت. ئێستا خەریکە دەبێتە مۆدێل بۆ هەموان.» سەردار عەزیز
یەک: خوای گەورە بە خۆڕایی مونافیقینی نەخستۆتە خواری خوارەوەی جەهەننەم، چونکە شایانی ئەوێن! دیقەتی ئەو نیفاق و دوڕووییە سیاسیە بدەن کە لە سەرێکەوە هاوسۆزی دەسەڵات و شەیدای پۆستن و لە سەرێکەوە دەڵێن ئێمە ئۆپۆزسیۆنین و دژە پۆستین! دەمێکە گووتومە؛ ئەو حزبانەی بە یەک ڕوو بەدکارن، لەوانە باشترن کە دوو ڕوون و ڕیا کارن!
دوو: پارتی ئێستا لە ململانێی یەکێتیدا سەرچیخی زۆرن، بێزراوترینیان ئەوەیە کە کۆنە جەلالییەکانی شاخ دێنێتە سەرشاشە بۆ پەلاماردانی یەکێتی! بێ ئاگا لەوەی هەرکات ئەوانە دژی یەکێتی بدوێن، ئەوەی ڕقیشی لە یەکێتی بێت لەداخی ئەوانە هاوسۆز دەبێت لەگەڵیدا!
سێ: بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی کەناڵە کوردییەکان زۆر خۆشن، زۆرینەی ئەوانەی لە ژیانی تایبەتی و خێزانی خۆیاندا شکستیان هێناوە دەیانهێنن تا ئامۆژگاریمان بکەن!
چوار: ئەوەی لە سلێمانی هەیە ئازایەتی ڕادەربڕینە نەک ئازادی ڕادەربڕین، دەمێکە یەکێتی دەیەوێ ئەو ئازادییە سنوردار بکات، بەڵام هیچی لەگەڵ ئازایەتییەکە بۆ نەکراوە، ئەو ئازایەتییەش هی خودی سلێمانی خۆیەتی نەک هیچ حزبێک، دەمێکە دەسەڵات دەیەوێ ئەو ئازایەتییە وەک ئازادییەکەی بخنکێنێ یان دەستەمۆی بکات بەڵام تا لە جێگەیەک و کەسێک و حزبێکدا ڕاوی دەکا و ڕامی دەکا لە زۆر جێگەی دیکە ئازایەتی لێ ڕاست دەبێتەوە!
ئازایەتییەک ئەگەر هەندێ قۆناغ لە ژێر سێبەری ستەمکاریدا خۆشی بزر بکات، دەگەڕێتەوە! ئەگەر کەسێک بە گومانە لەم قسانە با مێژووی سەردەمی هەموو دەسەڵاتەکانی سلێمانی هەر لە ئینگلیزەوە تا ئێستا بخوێنیتەوە!
پێنج: پێچەوانەی حزبەکەیان کە لەگەڵ پارتی گەیاندویەتە مریشکە ڕەشە، وەزیرەکانی یەکێتی لە هەولێر، عاقڵترینەکانی کابینەی نۆ ن!
با غەدر نەکەم، لە دوای ئەوانەی گۆڕانەوە دووەم عاقڵترینن.
شەش: هەموو حزبەکانی کوردستان بە تاک و بە کۆ ملەقوتێیانە بۆ بەشداری لە حکومەتی نوێی عێراق، مافی خۆیانە و حزب بۆیە حزبە بگاتە دەسەڵات، بەڵام ئەوەی کە درۆزانانە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن و ڕوو لە خەڵک نەک ڕوو لە دەسەڵات وێنا دەکەن لوتکەی نیفاقی سیاسییە!
حەوت: سەردار عەزیز زۆر جوانی پوخت کردەوە کاتێک نوسیی) خەریکە ئۆپۆزسیۆنی بیجامە لە پێ دەبێتە مۆدێل بۆ هەمووان. دەمێکە «ئۆپۆزسیۆن بوون» تاوانی گەورەی بە ناوەوە دەکرێ، و ئەوانەی رۆژێک ئومێد بوون بۆ دروستبوونی دوالیزمی دەسەڵات/ئۆپۆزسیۆن، ئێستا بارن بەسەر کۆی پرۆسەی سیاسییەوە و خەریکە قفڵی دوکانەکەیان بە کەین و بەین و وەزارەت و مەزارەت لەگەڵ دەسەڵات گەورە دەکەن!
«مەزارەت» مەبەستم لە پشکی ئەو حزبۆکانەیە کە وەزارەتیان بەرنەکەوتووە بەڵام بە دەستە و وەکیل وەزیر و بەرێوەبەری گشتیش کۆڵێک مەمنون و ڕازین!
هەشت: وەک چۆن شەهیدکردنی سەردەشت تاوانێکە تا ئەبەد لە نێوچاوانی پارتی نابێتەوە، بە هەمان شێوە تاوان و غەدری شێروانیش شتێک نییە پارتی بتوانێ پاساوی بدات، بەتایبەتی ئەگەر ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە! شێروان و ئەوەی بەسەری دێت، کورتکراوەی دۆخی کۆی کۆمەڵگەی باشوری کوردستانە و بێدەنگیش لەو تاوانە هەمان بێدەنگییە کە لە حوکمڕانی چەتەکان هەیە و زیاتر لە سی ساڵە بەردەوامە!
نۆ: ئەوە ڕوونە کە لە هەرێمدا پەرلەمان نییە، واتا دەسەڵاتی یاسادانان فت! ڕونیشە کە چوار ساڵ زیاترە حکومەت ناشەرعیی و ماوە بەسەرچووە واتا دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش فت! لە هەرێمێکدا پەرلەمان نەبێ و حکومەت نەبێت، قابیلە دەسەڵاتی دادوەری هەبێت! قابیلە دادگا بێلایەن و سەربەخۆ بێت؟!
هەرێمێکمان هەیە پڕە لە بنەماڵە و دەستڕۆیشتووی حزبی، بەڵام خاڵییە لە دامەزراوەی نیشتیمانیی و دەستوری! کاتێک دەمیش دەکەنەوە گوایە خەمخۆری هەرێمن، لێ ڕاستییەکەی خۆرەی هەرێمن نەک خەمخۆر!
هۆشیار عەبدوڵا
خۆرەی هەرێم؛ حزبۆکەی دەستەمۆ، ملەقوتێ بە تاک و کۆ ..!!
سەردار عەزیز زۆر جوانی پوخت کردەوە کاتێک نوسیی) خەریکە ئۆپۆزسیۆنی بیجامە لە پێ دەبێتە مۆدێل بۆ هەمووان. دەمێکە «ئۆپۆزسیۆن بوون» تاوانی گەورەی بە ناوەوە دەکرێ، و ئەوانەی رۆژێک ئومێد بوون بۆ دروستبوونی دوالیزمی دەسەڵات/ئۆپۆزسیۆن، ئێستا بارن بەسەر کۆی پرۆسەی سیاسییەوە و خەریکە قفڵی دوکانەکەیان بە کەین و بەین و وەزارەت و مەزارەت لەگەڵ دەسەڵات گەورە دەکەن!
No Comment! Be the first one.