چاویارنیوز_ کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی “CPT” ئەمریکی ئاشكرایكردووه، سوپای تورکیا رێگریی لە گەڕانەوەی دانیشتووانی 21 گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دوکات و ناهێڵێت بگەڕێنەوەسەر ماڵو حاڵی خۆیان.
باس لەوە دەکات، هێزەکانی تورکیا بەگوندنشینە ئاوارەکانیان راگەیاندووە، ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە و رێگە بەهیچ کەسێک نادرێت پێ بخاتە ناو ئەو گوندانەوە و بە موڵکی خۆیانی دەزانن.
ناوبراو ئاشکرایکردووە، لە 10ی ئهم مانگهوە، ئیدارەی خۆجێیی ناحیەی دەرکار و قەزای باتیفا بە رەسمیی خەڵکی گوندەکانی دەڤەری “سندی و گولی”یان ئاگادارکردۆتەوە کە دەتوانن لە 15ی حوزەیراندا سەردانی گوندەکانیان بکەنەوە کە ماوەی شهش ساڵە بەهۆی داگیرکارییەوە لێی بێبەشن. بەڵام کاتێک گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، سەربازەکانی تورکیا رێگرییان لێکردوون.
ئاماژە بەوەدەکات، رۆژی دووشەممەش خەڵکی گوندەکانی (سنات، ئێرە، حەفتانین، دێرەشیشێ، مێرگەشیشێ، ئاڤا گیزێو باجوا)، گوندەکانی گەلی پساغا (بنەخرێ، مارسیس، کەلۆک)و 11 گوندی دیکە کاتێک گەڕاونەتەوە بۆ سەردانی گوندەکانیان، لەگوندی “شەرانشی سەروو” لەلایەن بازگەیەکی سوپای تورکیاوە رێگرییان لێکرا، هاووڵاتیانیان لەئۆتۆمبێلەکانیان داگرتوە و پێیانڕاگەیاندوون، بەهیچ شێوەیەک ناتوانن بگەڕێنەوە، لەئێستادا گوندەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدایەو کەس ناتوانێت بۆی بگەڕێتەوە.
دەڵێت: سوپای تورکیا لەساڵی 2020ەوە و لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چنگی-پڵنگ)دا، بەقووڵایی نۆ کیلۆمەتر ناوچەی حەفتانینو تەواوی گوندەوارەکانی دەوروبەری داگیرکردووەو خەڵکەکەی ئاوارەکردوون.
کامەران عوسمان وتوویەتی، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، گوندنشینانی 1192 گوندی هەرێمی کوردستان هیوایەکی گەورەیان ههبوو کە بگەڕێنەوە بۆ ناو گوندەکانیانو بێ ترس ژیان بگوزەرێنن، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی رێگرییەکانی سوپای تورکیاوە، ئەو هاووڵاتیانە هێشتا لەناو دۆخی سەختی ئاوارەییدا دەژین.
No Comment! Be the first one.