چاویارنیوز _ دۆخی ناوچەکە دەگۆڕێت و ئێران و ئەمریکا پێدەنێنە رۆژێکی نوێ لە ئاشتی و ئاگربەست، ئەم هەواڵە بۆ هەموو لایەک دڵخۆشکار و موژدەبەخشە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ تاران گەیشتنە رێککەوتنی تەواو بۆ وەستاندنی جەنگی سەربازی و کردنەوەی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان. لای خۆشیانەوە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەم بەیانییە (دووشەممە) ئەوەی بڵاوکردەوە، دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆی “سەخت و چڕ”، لەگەڵ ئەمریکا گەیشتوونەتە بابەتێکی باش لە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆتاییهێنان بەگرژییەکان.
تاران ئەم ڕێککەوتنە وەک «سەرکەوتن» وەسف دەکات. هەر لەو بارەیەشەوە لە بەیاننامەیەکدا “بارەگای خاتەم ئەنبیا” دەڵێت هێزە چەکدارەکانی ئێران توانیویانە “ئیرادەی خۆیان بەسەر واشنتۆن و تەلئەبیبدا بسەپێنن”. بەرەی دانوستانی ئێران پێیانوایە ئەم رێککەوتنە دەستکەوتی گەورەیە بە ڕێنمایی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێران، بەتایبەت دوای هێرشەکەی سەر زەحیەی بەیروت، تاران ئامادەکاریی بۆ هێرشێکی موشەکیی بەرفراوان کردبوو.
لەبارەی رێککەوتنەکەوە، کازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، رایگەیاند: لە ئەمشەوەوە جەنگ لە هەموو بەرەکان، بە لوبنانیشەوە، بە شێوەیەکی “دەستبەجێ و هەمیشەیی” رادەگیرێت. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش لەپلاتفۆرمی “تروس سۆشیاڵ” ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە رێککەوتنەکە تەواو بووە و فەرمانی داوە بە کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران.
ئەگەر ئەم رێککەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا چەند دەرهاویشتەیەکی دەبێت لەوانە
یەکەم. پێویستە ئیسرائیل لە سنوورەکانی لوبنان بکشێتەوە.
دووەم. لابردنی گەمارۆ دەریایی و داراییەکان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.
سێیەم. هەردوولا 60 رۆژ دیاریدەکەن بۆ قۆناغێکی ئەزموونی بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا.
جێگەی ئاماژە بۆکردنە، شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان کە وڵاتەکەی رۆڵێکی سەرەکی لە نێوەندگیرییەکەدا بینیوە، ئاشکرای کرد کە ڕۆژی هەینی داهاتوو، ١٩ی حوزەیران، مەراسیمی رەسمیی ئیمزاکردنی رێککەوتننامەکە لە وڵاتی سویسرا دەبێت.
No Comment! Be the first one.