نەزۆکی یەکێکە لە کێشە زۆر گرنگەکانی زۆربەی لە خێزانەکانی ئەم سەردەمە. کێشەیەک کە هۆکاری زۆرە هەم لە ژناندا و هەمیش لە پیاواندا و هەندێ جاریش زیانی گیانی زۆری هەیە بۆ بنەماڵەکان. خۆشبەختانە ئەمڕۆکە چارەسەری نەزۆکی بە پێشکەوتنی زانستی پزیشکی و هەروەها گۆڕینی شێوازی ژیان بە تەواوی مومکینە.
بۆ ئەم مەبەستەش شێوازی جۆراوجۆر لە ڕەوت و شێوازی خۆماڵییەوە بگرە تا چارەسەری پسپۆڕی پزیشکی بۆ چارەسەری کێشەی نەزۆکی لەبەردەستدایە.
لێرەدا نوێترین ڕەوت و شێواز بۆ نەهێشتن و چارەسەری کێشەی نەزۆکی لە ژنان و پیاواندا دەناسێنین. ئەم ڕەوتانە بە دوو حاڵەتی گشتی بریتین لە چارەسەری پزیشکی و چارەسەری خۆماڵیانە، کە پەیوەست بە کێشەی تایبەت بە خۆتان دەبێ یەک خاڵ یان تێکەڵێک لە هەر دوو خاڵەکە هەڵبژێرن.
ئایا نەزۆکی چارەسەر دەکرێت؟
لە زۆربەری لە حاڵەتەکاندا وڵامی ئەم پرسیارە ئەرێیە. ئەمڕۆکە بە پێشکەوتنی زانست و ناسینی هۆکارەکانی نەزۆکی، زۆربەی لە خێزانەکان بە چارەسەری گونجاو دەتوانن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن. لە زۆربەی کاتەکاندا نەزۆکی وەکوو کەموکۆڕییەک وایە کە دەگەڕێتەوە بۆ کاروڕەوتی زاوزێی و چۆنیەتی ئسپێرم، کێشەی منداڵدان یان تەنانەت شێوازی ژیان، کە بە ئاسانی چاک و چارەسەر دەکرێت.
شێوازی چارەسەری جۆراوجۆری بوونی هەیە کە ڕادەی سەرکەوتنیان بەستراوە بە هۆکاری جۆراوجۆر لەوانە هۆکار و کاتی نەزۆکی، تەمەنی خێزان و خێرایی دەسپێکردنی چارەسەر. هەندێ کەس تەنها بە چاک کردنەوەی خۆراک، کەم کردنەوەی سترێس و دڵەڕاوکێ، وازهێنان لە جگەرە و دابەزینی کێش چاکبوونەوەیەکی زۆر باش و گرنگ بەدەست دەهێنن. هەندێکی دیکە پێویستە چارەسەری پسپۆڕانەیان بۆ بکرێت لەوانە یەکانگیرکردنی تاقیگەیی(IVF).
ئامارەکان پیشان ئەدەن کە زۆربەی لە خێزانەکان بە پشکنینی درووست و دۆزینەوەی کێشە و بەدواداچوونی ڕێک و پێک بۆ چارەسەر، بەختێکی زۆر باشیان هەیە بۆ دووگیان بوون.
شێوازەکانی خۆماڵی بۆ چارەسەری نەزۆکی
شێوازەکانی خۆماڵی وەکوو هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەر پێشنیار دەکرێت، بەتایبەت کاتێک کە هۆکاری نەزۆکی زۆر لاواز بێت. ئەم ڕەوتانە زۆرتر لەسەر چاککردنەوەی شێوازی ژیان، خۆراک، هاوسەنگی هۆرمۆنی سروشتی جەستە و کەم کردنەوەی سترێس کار دەکەن.

باشی سەرەکی چارەسەری خۆماڵییانە، بریتییە لە تێچووی زۆر کەم، دەستڕاگەیشتن و نەبوونی دەرئەنجامی خراپی جددی دەرمان.
هەروەها بخوێنەوە: سوودەکانی ڤیتامین A و باشترین ڕێگای بەکارهێنانی
لەبیری نەکەن کە ئەم ڕەوتانە، نابنە بەدیلی چارەسەری پزیشکی لە حاڵەتە جدییەکاندا و زۆرتر وەکوو تەواوکەری چارەسەری پسپۆڕی لە قۆناخی سەرتایدا بەکار دێن. لە درێژەدا گرنگترین ڕەوتی خۆماڵی کاریگەر لەسەر کارکردی بە بەرکردنی(بەرەوەری) خانمان و پیاوانتان پێ دەناسێنین.
چاککردنەوەی خۆراک و بەکارهێنانی مادە خۆراکییەکان بۆ بەهێزکردنی بەرەوەری (دووگیانی)
خۆراک ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەیە لە چۆنیەتی هێلکە و ئسپێرمدا. کەمبوونی هەندێ لە وردە خۆراکەکان لەوانە ڕووی، ئەسید فوولیک، ئاسن، ڤیتامین D و ئۆمێگا3، دەتوانێت هاوسەنگی هۆرمۆنی تێک بدات. بەکارهێنانی سەوزە گەڵا سەوزەکان، چەرەس، ماسی، هێلکە، دانەوێڵە و ڕازیانە یارمەتی چاککردنەوەی کارکردنی کۆئەندامی زاوزێ دەدات.
لە پیاواندا ڕژێمی خۆراکی تەندرووست دەتوانێت هاتوچۆ و هەروەها هەژماری ئسپێرم زیاد بکات و لە خانمانیشدا یارمەتیدەرە بۆ ڕێکوپێک کردنی کار و ڕەوتی هێلکەدانان. هەروەها کەمتر بەکارهێنانی خۆراکی ئامادە، شەکری ساکار و خۆراکی بەرهەم هاتوو گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
کونتڕۆڵ و کەمکردنەوەی سترێس
سترێسی درێژخایەن دەبێتە هۆکاری زیادبوونی هۆرمۆنی کورتیزۆل کە دەتوانێت هاوسەنگی هۆرمۆنە جنسییەکان تێک بدات. ئەم پرسە لە خانماندا هەندێ جار دەبێتە هۆی تێکدانی سووڕی مانگانە و تێکچوونی کاروڕەوتی هێلکەدانان و لە پیاوانیشدا چۆنیەتی و کوالێتی ئسپێرم دادەبەزێنێت.
ڕاهێنانەکان لەوانە مدیتەیشن، هەناسەدانی قووڵ، پیاسەکردنی ڕۆژانە و تەنانەت کەمتر بەکارهێنانی فەزای مەجازی(تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان) کاریگەری بەرچاوی دەبێت. هەندێ جاریش بەس ئارامی مێشک و کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی، بارودۆخی بەرەوەری و دووگیانبوون بە شێوازێکی ئاشکرا و دیار، زیاد دەکات.
ڕێکخستنی کێشی جەستە
کێشی جەستە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ هۆرمۆنەکانی کۆئەندامی زاوزێ. کێشی زیاد دەتوانێ ببێتە هۆکاری بەرگری کردن بە ئەنسۆلین و تێکدانی کار و ڕەوتی هێلکەدانان، بەتایبەت لەو خانمانەدا کە تووشی سێندرۆمی هێلکەدانی “پۆلی کیستیک”ن.
لە لایەکی دیکەشەوە کەمبوونی کێشی توندی جەستە دەتوانیت سووڕی مانگانە بوەستێنێت. لە پیاوانیشدا کێشی جەستەی زیاد لەگەڵ دابەزینی ئاستی تێستێسترۆن و هەروەها چۆنیەتی ئسپێرم پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە.
وەرزش و چالاکی جەستە
وەرزشی ڕێک و پێک و لەسەر وادە دەبێتە هۆکاری گەڕانی خوێن، ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان و دابەزینی ئاستی ئسترێس. وەرزشگەلێک لەوانە پیاسەی توند، مەلەوانی و ڕاکردن دەتوانێت کارکردی کۆئەندامی زاوزێ بەهێزتر بکات. بەڵام وەرزشی زۆر توند بەتایبەت ئەوانەی کەوا دابەزینی چەوری لەشی لەگەڵە، لەوانەیە کاریگەری پێچەوانەی بێت.
وازهێنان لە کحول و جگەرە
بەکارهێنانی جگەرە وەکوو یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی چۆنیەتی و کوالێتی ئسپێرم لە پێاواندا و گیاندنی زیان بە پاشەکەفتی هێلکە لە خانماندا دێتە ئەژمار. نیکوتین و مادد ژەهراوییەکانی دیکەی جگەرە دەتوانێت زیانی جددی بگەینێتە DNA خانەکانی جنسی.

کحولیش هاوسەنگی هۆرمۆنی تێک دەدات و بەختی بەرەوەری(باروەری) سەرکەوتوو دادەبەزێنێت. وازهێنان لەو خۆوانە بە ماوەی چەن مانگ دەبێتە هۆی چاکبوونەوەی بەرچاوی دیاردەکانی باروەری.
کاتدانانی سەرەکی پەیوەندی ژن و مێردەیی
یەکێکە لە ساکارترین و کاریگەرترین شێوازەکانی خۆماڵی، ئاگاداری لە کاتی ڕێکی هێلکەدانانە. لە خانماندا بە سووڕی مانگانەی ڕێک و پێکەوە بەزۆری هێلکەدانان نزیکەی 14 ڕۆژ پێش دەسپێکی سووڕی مانگانەی دیکە ڕوو ئەدات. پەیوەندی ژن و مێردەیی 2 تا 3 ڕۆژ پێش و هەروەها لە ڕۆژی هێلکەداناندا زۆرترین بەختی دووگیانی پێک دێنێت.
بەکارهێنانی ئامێری پزیشکی تایبەت بە پێشبینی ڕۆژی هێلکەدانان یان پشکنینی نیشانەکانی جەستە زۆر یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی ئەو کاتە. زۆربەی لە خێزانەکان بەس بە ڕێکخستنی درووستی کاتی پەیوەندیکردن و بەبێ پێویست بە چارەسەری ئاڵۆز دەگەنە ئەنجام.
دووگیانی بە شێوازی تاقیگەیی
شێوازی تاقیگەیی یان یارمەتیدەر بۆ دووگیانی، کاتێ بەکاردێت کەوا شێوازی خۆماڵی و چارەسەری ساکارتر بێ ئەنجام بێت، یان کێشەی نەزۆکی پێویستی بە دەستێوەردانی پسپۆڕانەوە بێت. ئەم ڕەوت و شێوازانە بەزۆری بۆ ئەم خاڵانە لەوانە، کەموکورتی زۆری ئسپێرم، کێشەی هێلکەدانان، داخراوی بۆری منداڵدان، یان نەزۆکی بەهۆکاری نادیارەوە پێشنیار دەکرێت.
مەبەستی سەرەکی ئەم تێکنیکانە زیادکردنی بەختی زاوزێ و یەکانگیربوونی تۆوی نێر و مێیە و دووگیانی لە ڕێگەی دەستێوەردانی زانستی و کۆنترۆڵ کراوەوە هەیە.
لە باوترین ڕەوتەکان دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر یەکانگیربوونی(لقاح) تاقیگەیی(IVF)، ناردنی ئسپێرم بۆ نێو هێلکەدان(ICSI) و کاروڕەوتی باروەرکردن لە ناوەوەی منداڵدان(IUI). لە کار و ڕەوتی IUIدا، ئسپێرم بە شێوازی ڕاستەوخۆ دەنێردرێتە نێو منداڵدان بۆ ئەوەی بەختی گەیشتن بە هێلکە زیاتر بکرێت.
هەروەها بخوێنەوە: لێدانی دڵی منداڵ و هۆکارەکانی
لە شێوازی IVFدا، یەکانگیرکردن لە ئاقاری تاقیگەدا ئەنجام ئەدرێت، پاشان ئاولەمە دەگوازرێتەوە بۆ نێو منداڵدان. شێوازی ICSIیش بۆ ئەو کاتانە بەکار دێت کەوا کوالێتی ئسپێرم نزمە و بەشێوازی ڕاستەوخۆ دەنێردرێتە نێو هێلکەی مێینە.
ڕادەی سەرکەوتنی ئەم شێوازانە بەستراوە بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە لەوانە، تەمەنی خانمان، چۆنیەتی و کوالێتی هێلکە و ئسپێرم و هەروەها هۆکاری نەزۆکییەوە. بەڵام بەگشتی IVF و ICSI وەکوو کاریگەرترین ڕەوتەکان دێنە ئەژمار.
چارەسەر بە پزیشکی دەرزیاژنکردن
چارەسەر بە پزیشکی دەرزیاژنکردن یەکێکە لە ڕەوتەکانی تەواوکەر لە چاکبوونەوەی نەزۆکیدا کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پزیشکی نەریتی وڵاتی چین. لەم شێوازەدا بە بەکارهێنانی دەرزی زۆر ناسک چەن خاڵێکی تایبەت لە جەستە دەوروژێنرێت تاوەکوو هاتوچۆی ئێنرجی و گەڕانی خوێن چاک بکرێتەوە.

ئەم کارە دەتوانێ یارمەتی ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان، چاک کردنەوەی کارکردی هێلکەدان و هەروەها بەرزکردنەوەی کوالێتی ئسپێرم بدات. هەر بۆیە پزیشکی درزیاژنکردن بەزۆری لەگەڵ شێوازەکانی دیکەی چارەسەرکردن بەکار دێت نە وەکوو بەدیلێکی تەواو بۆ چارەسەری پزیشکی.
ئەم ڕەوتە زۆرتر بۆ ئەو کەسانە پێشنیار دەکرێت کە تووشی سترێسی زیاد، تێکچوونی هۆرمۆن یان کێشەی لاوازن لە هێلکەداناندا.
زۆرترین پرسیارەکان
ئایا نەزۆکی هەمیشە بەردەوامە؟
نەخێر، بەزۆری نەزۆکی کاتییە و چارەسەر دەکرێت. بە دەستنیشانکردنی درووستی هۆکار و هەروەها هەڵبژاردنی ڕەوتی گونجاوی چارەسەر، زۆربەی لە خێزانەکان(ژن و پیاوان) دەتوانن بەختی باروەری(دووگیانی) خۆیان زیاتر بکەن.
چ کاتێ دەبێ بۆ چارەسەرکردنی نەزۆکی سەردانی پزیشک بکەین؟
ئەگەر پاش ساڵێک پەیوەندی ژن و مێردی ڕێکوپێک و بەبێ بەرگری کردن بێت و دووگیانی ڕووی نەدا، باشتر وایە سەردانی پزیشک بکەیت تاوەکوو پشکنینی پێویست ئەنجام بدرێت.
ئایا شێوازی خۆماڵی بەڕاسی کاریگەرە؟
لەو کاتانەدا کەوا هۆکاری نەزۆکی لاوازە، بەڵێ کاریگەر دەبێت. گۆڕینی شێوازی ژیان، خۆراکی گونجاو، کەمکردنەوەی سترێس دەتوانێ یارمەتیدەربێت بۆ دوگیانبوون. بەڵام لە کێشە جددییەکاندا بە تەنیایی کاریگەر نییە.
کام ڕەوتی دەرمانی زۆرتر سەردەکەوێت؟
شێوازی یەکانگرتنی تاقیگەیی(IVF) بەزۆری، زۆرتر سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام هەڵبژاردنی باشترین ڕەوت بەستراوە بە دۆخی کەسەکەوە.
ئایا تەمەن لە چارەسەری نەزۆکیدا کاریگەرە؟
بەڵێ، تەمەن وەکوو کاریگەرترین هۆکار دێتە ئەژمار، بە زیادبوونی تەمەن، بە تایبەت لە خانماندا، کوالێتی و هەژماری هێلکەکان دادەبەزێت و بەختی سەرکەفتنی چارەسەر کەمتر دەبێتەوە.
ئایا نەزۆکی بەس تایبەتە بە خانمان؟
نەخێر، نەزۆکی هەم تایبەتە بە پیاوان و هەمیش بە خانمان. ئەوەی ڕاستی بێ لە زۆربەی کاتەکاندا کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەر دووکیان یان تەنانەت بۆ پیاوان، کەوابوو پشکنین بۆ هەردوو ڕەگەز شتێکی پێویستە.
پوختەی بابەت
نەزۆکی کێشەیەکە کە ئەمڕۆکە بە پێشکەوتنی زانست و زیادبوونی زانیاری، ئەدی وەکوو ڕابردوو وەک کێشەیەکی چارەسەرنەکراو لە ئەژمار نایت. شێوازی چارەسەری نەزۆکی بریتییە لە ڕیزێکی بەربڵاو لە چارەسەری خۆماڵی، چاککردنەوەی شێوازی ژیان، تا چارەسەری پسپۆڕانەی پزیشکی و تاقیگەیی کە بەپێی هۆکار و بارودۆخی هەر کەسێک هەڵدەبژێردرێت.
زۆربەی لە خێزانەکان بە تێکەڵکردنی ئەو شێوازانە و بەدواداچوونی درووست، دەتوانن بەختی خۆیان بۆ دووگیانی بە شێوازێکی دیار زیاد بکەن. ئەگر تووشی ئەم کێشەیە بوون هەوڵ بدن بەبێ چاوپۆشی و دواخستنی بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکەی هەنگاو بنن و ڕێگەی چارەسەر کردنی گونجاو لە ژێر چاودێڕی پزیشکدا یان بە زانیاری تەواوەوە هەڵبژێرن.
No Comment! Be the first one.