چاویارنیوز – لە کاتێکدا حکومەتی فیدراڵی عێراق لە پێناو پشتگیریکردن لە هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە گرانبوونی کاڵا سەرەتاییەکان، بڕیاری بەخشینی گومرگی لەسەر ماددە خۆراکییەکان و دەرمان دەرکرد، بەڵام هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بێتوانایی و پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێم بە چاکسازییەکان لەم ئاسانکارییە بێبەش دەبن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێت کە ئەم بڕیارە خێرخوازانەی بەغدا هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. ناوبراو هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە هێشتا سیستمی گومرگی و پڕۆژەی «ئەسیکۆدا» لە دەروازەکانی هەرێم جێبەجێ نەکراون؛ دۆخێک کە نیشانی دەدات چۆن شکست و خەمساردیی دەسەڵاتی هەرێم لە یەکخستن و ڕێكخستنەوەی دەروازە سنورییەکان، ڕاستەوخۆ زیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵک دەگەیەنێت.
لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان لەژێر بارگرانیی قەیرانە داراییەکان و گرانیی بازاردا دەناڵێنن و چاوەڕوانی هەنگاوی ئاسانکارن، نەبوونی شفافیەت و دواکەوتنی جێبەجێکردنی سیستمی هاوچەرخ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە وایکردووە کە هاووڵاتییان لە دەستوەرگرتنی ماف و ئاسانکارییە فیدراڵییەکان بێبەش ببن و باجی سیاسەتە کارگێڕییە شکستخواردووەکانی دەسەڵاتی ناوخۆ بدەن.
No Comment! Be the first one.