چاویارنیوز _ رێبوار حەمەلاو ئەحمەد رۆژنامەنووس لە وتارێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە دوو رۆژی رابردوودا، ناو بە ناو لە لایەن مووچەخۆرە میدیاییەکانی سەر بە باڵی دەستڕۆیشتووی ناو پارتییەوە، لە دیداری مێری دەدرێت و لەبەهاکەی کەم دەکاتەوە.
ئەمەی خوارەوەش تەواوی وتارەیەتی:
بارەگای بارزانی راگەیەندراوێکی توندی دژی دیداری میریی سەر بە نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردەوە و ئەوەندەی دیکە ململانێی نێوان دوو باڵەکەی پارتی تۆخ کردەوە.
بڵاوبوونەوەی راگەیەندراوێکی لەوشێوەیە و بەو زمانە توندە چاوەڕوان نەکراو بوو.
دەرخەری ئەوەیە مەسرور بارزانی زۆر نیگەران و توڕەیە و مەسعود بارزانی باوکی لە نیگەرانییەکانی پشتیوانی دەکات.
چاوەڕێ دەکرا نیگەرانییەکان لە میدیاکانی سەر بە مەسرور بارزانییەوە دەربکەون و تێیدا بکرێتە سەر دیدارەکە و خودی نێچیرڤان بارزانی، بەڵام هاتنە سەر خەتی بارەگای بارزانی شتێکی جیاواز بوو.
هەرچەندە دوو رۆژە ناو بە ناو لە لایەن مووچەخۆرە میدیاییەکانی سەر بە باڵی دەستڕۆیشتووی ناو پارتییەوە دیدارەکە دەدرێت و لەبەهاکەی کەم دەکاتەوە.
پێم وایە ئەوەی مەسرور بارزانی نیگەران کردووە ئەوەیە، پانتاییەکی زۆری ئەو دیدارە درا بە کوڕانی تاڵەبانی ، ئەوانیش دۆخەکەیان قۆستەوەو و هۆکاری سەرەکی پێک نەهێنانی حکوومەتیان خستە ئەستۆی سەرۆکی ماوە بەسەرچووی حکوومەت.
لە راگەیەندراوەکەدا بارەگای بارزانی دەڵێت، جێگەی داخە کە كۆڕبەندی میری ئەمساڵ نەیتوانیوە بە شایستەیی میوانەكانی بانگهێشتبكات! کە ئەمە هێمایەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ئەو میوانانی بەشدارییان تێدا کرد.
بەتێگەیشتنی من راگەیەندراوەکە بەدەر لەوەی هۆشداری دانە بە نێچیرڤان بارزانی کە بۆی نیە ئەو هێڵە سورانە ببەزێنێت کە مەسرور بارزانی کێشاونی، لەگەڵ ئەوەشدا رەتکردنەوەی هەر جۆرە نزیک کەوتنەوەیەکە لە نێوان پارتی و یەکێتی کە وا لێک بدرێتەوە لە سەر دەستی نێچیرڤان بارزانی هاتوەتە ئاراوە.
ئەمە یەکەمجارە بارەگای بارزانی بەو شێوە توندە لەسەر ململانێکانی هەردوو ئامۆزاکە دێتە سەر خەت!
بە تایبەت کە لە کۆتایی پەیامەکەدا وتوویەتی “(میری) هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە.” لە کاتێکدا هەموان دەزانن میری واتە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی!
ئەمە ئاگادارکردنەوەیەکی زۆر ڕوونی نێچێرڤان بارزانییە کە ئەگەر ئەو هێڵانە بۆ دیاریکراون بیانبەزێنێت دوور نیە هەمان چارەنووسی لاهور جەنگی رووبەڕووی نەبێتەوە.
لاهور جەنگی لە ململانێی لەگەڵ ئامۆزاکانیدا لە ناو یەکێتی دوورخرایەوە و ئێستا لە زیندانە.
هەرچەندە پارتییەکان هەوڵ دەدەن ناکۆکی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بشارنەوە، بەڵام ململانێیان لەم ساڵانەی دوایی گەیشتوەتە ئاستێک لە میدیاکان و کەسایەتییە نزیکەکانی هەردوولا بە تەواوی رەنگی داوەتەوە.
بارەگای بارزانی بۆ دەرکردنی ئەو راگەیەندراوە توندە بیانووی ئەوەی هێناوەتەوە “پێویست بوو نوێنەرایەتیی دۆزی گەلی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان ڕەنگ بداتەوە”.
بەڵام لە راستیدا ئەوەی لە دیدارەکە بەشدار نەبووە تەنیا باڵی مەسرور بارزانی بووە، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشداربوون بە تایبەت بەشە جیاوازەکانی کوردستانی گەورە! لەوانە مەزڵوم عەبدی.
ئەم راگەیەندراوە سەلمێنەری ئەوەیە کێشەی پێک نەهێنانی حکوومەتی هەرێم چەند پەیوەندی بەدابەشکردنی پۆستەکانەوە هەیە ئەوەندەش پەیوەندی بە مەزاجی تایبەتی کارەکتەرە دەستڕۆیشتوەکانی ناو دوو بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکەوە هەیە!
چۆن مەسرور بارزانی کەوتە تەڵەی نێچیرڤان بارزانییەوە؟
نێچیرڤان بارزانی زۆر لێزانانە ئەو هەوڵەی لەباربرد کە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی نزیک کردبوویەوە، چونکە نایەوێت مەسرور بارزانی ببێتە سەرۆکی کابینەی دەیەم و دەخوازێت هەر لەو دۆخەی ئێستای کە هەیە وەک سەرۆکی ماوەبەسەرچوو بمێنێتەوە.
ئەو بە پێدانی پانتاییەکی فراوان بە نەیارە سەرسەختەکەی ئامۆزاکەی، وروژاندنی دۆسیەی پێکهێنانی حكوومەت بە نادیدە گرتنی مەسرور بارزانی، رێگە دان بە بافڵ تاڵەبانی کە لەناوچەی نفوزی پارتییەوە بە کوڕە گەورەکەی مامی بڵی” تۆ کێی قسە لەسەر رێککەوتنی من و نەوەی نوێ دەکەیت”
هەوڵی پێکهێنانی کابینەکەی شکست پێ هێنا.
هەروەک چۆن ئەو ساڵانەی کە لاهور جەنگی لە دەسەڵات بوو، چەندین جار هەوڵی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی درا بەڵام بە لێدوانی ئەندامێکی باڵای سەر بە مەسرور بارزانی هەوڵەکە شکستی پێ دەهێنرا.
بۆیە بەمزوانە چاوەڕێی پێکهێنانی حکوومەت مەبن!
No Comment! Be the first one.