چاویارنیوز- نووسەر و چاودێری سیاسی، عەزیز ڕەئووف، لە وتارێکی ڕەخنەیی و تونددا هێرش دەکاتە سەر بەڕێوەچوونی کۆڕبەند و دیدارە سیاسییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان، و دەمامک لەسەر ئەو چالاکییانە دادەماڵێت کە گوایە بۆ چارەسەری قەیرانەکان ڕێکدەخرێن، بەڵام لە واقیعدا فرسەتێکن بۆ نمایشی بێسوود و چەواشەکاری.
عەزیز ڕەئووف ژینگەی نێو ئەم دیدار و کۆڕبەندانەی بە «شۆئامێز و بێفەڕ» ناو برد و ڕایگەیاند: «ئەوەی لە دیدار و پانێڵەکاندا ڕوودەدات هەرگیز دنیای ڕاستەقینەی ئێمە نییە؛ بەڵکو قاقای بەرپرسان و مجامەلەی بێتام و بچووکبوونەوەی کەسانی ئەکادیمی لەبەردەم بەرپرسە بازرگانەکاندا، سیمایەکی تەواو ناشرین و قێزەونی ئەو پانێڵ و دیدارانەن.»
ناوبراو بە تیشکخستنە سەر لێکەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییە وێرانکەرەکانی ئەو شانۆگەرییانە جەختی کردەوە: «ئەمە نە دنیای ئێمەیە و نە هیچ لە واقیعی تاڵی خەڵک دەگۆڕێت؛ ئەوەی لە ژوورە داخراو و هۆڵە مۆدێرنەکاندا دەگوزەرێت تەنیا دابەشکردنی کێکە لە نێوان بازرگانە سیاسییەکاندا. ئەم دەنگەدەنگە بێسوودە بە پێچەوانەوە هێندەی تر سیاسەت لە کوردستان بەرەو سادەیی و بێمانایی دەبات، کۆمەڵگە و هاووڵاتییان نائومێدتر دەکات و درز و مەودای نێوان دەسەڵاتداران و خەڵکی ڕاستەقینە تۆختر و قووڵتر دەکاتەوە.»
لە کۆتاییدا عەزیز ڕەئووف جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە چالاکییە بێسوود و ڕوکەشانە بە ڕوونی سەلمێنەری ئەوەن کە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی لە «عەقڵی گەورەی دەوڵەتداری»، «ویژدانی زیندوو» و فەلسەفەی «کردنی سیاسەت بە کایەیەکی گشتی لە خزمەت جەماوەردا» خاڵی بووەتەوە.
No Comment! Be the first one.