چاویارنیوز _ لە راگەیەنراوێکدا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، داوا لە سەرجەم فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان کرد، کۆببنەوە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دانیشتنی یەکەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بەڵام لەئێستادا هیچ فراکسیۆنێک ئامادە نییە بەدەم داواکەی پارتییەوە بچێت ئەگەر پێشوەختە رێککەوتن لەسەر پۆستەکان نەکرێت و تەوافوقی سیاسی لەنێوان حزبەکاندا نەکرێت.
لەگەڵ ئەوەی پارتی دەڵێت: کاراکردنەوەی پەرلەمان پەیوەستە بە شەرعییەتی قەوارەی هەرێمەوە و نابێت بە هیچ ململانێیەکی سیاسی و حزبییەوە ببەسترێتەوە، بەڵام فراکسیۆنەکانیتریش وەڵامی پارتییان داوەتەوە و دەڵێن: ئەوەی پەرلەمانی بەستۆتەوە بە ململانێی حزبییەوە و بۆ چەندانجار پەرلەمانی داخستووە و هێزی ناردۆتەسەر پەرلەمان، تەنها خودی پارتی خۆی بووە.
لەوەڵامی پەیامەکەی فراکسیۆنی پارتیدا، فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێ رایدەگەیەنن، بەبێ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت، کاراکردنەوەی پەرلەمان چ سوودێکی هەیە، یان ئەگەر حکومەتێک نەبێت پەرلەمان چاودێریی کارەکانی بکات، ئەوا کاراکردنەوەی پەرلەمان هیچ سوودی نابێت جگە لە مەبەستی حزبی و مەرامی تاکەکەسی.
ئەو لایەنەی هێزی ناردەسەر پەرلەمان، تەنها خودی پارتی بوو
دوای ئەوەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانی کرد، تائێستا هیچ لایەن و فراکسیۆنێک بەدەم داواکەی پارتییەوە ناچێت و ئاسۆی هیچ کۆبوونەوەیەک دیار نییە.
No Comment! Be the first one.