چاویارنیوز – لە کاتێکدا دکتۆر محەمەد ڕێکانی، ئەندامی داواکاری گشتی، ڕەخنەی توند لە پێشێلکردنی پرەنسیپە یاساییەکان و ناوزڕاندنی پێشوەختەی تۆمەتباران لە ڕاگەیاندنەکاندا دەگرێت، چەند دەزگایەکی میدیایی بایکۆتکردنی ئەم جۆرە کارە ناشرعی و نایاساییانەیان راگەیاند.
د. محەمەد ڕێکانی لە پەیامێکدا هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەم دیاردەیە خستە ڕوو و جەختی لە چەند خاڵێک کردەوە:
سزادانی پێشوەختە لەلایەن ڕاگەیاندنەوە: کاتێک دەزگاکانی ڕاگەیاندن پێش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی دادگا و دەرچوونی بڕیاری دادوەری، خۆیان دەبنە دادوەر و سزای تۆمەتبار دەدەن، ئەمە پێشێلکارییەکی گەورەیە.
داواکاری بۆ ڕاگرتنی تەشهیر: داواکاری گشتی داوا دەکات ئەم تەشهیر و ناوزڕاندنە ئاشکرایەی تۆمەتباران دەستبەجێ ڕابگیرێت.
تاوانێکی سەربەخۆ: ناوبراو هۆشداری دەدات کە ئەم جۆرە رەفتارانە، بەپێی دەستوور، یاسا و پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەگەری، خۆیان بە تەنیا تاوانێکی سەربەخۆ پێکدەهێنن.
هەڵوێستی میدیایی لە بەرامبەر ئەم دیاردەیە
ئەم پەیامەی ئەندامەکەی داواکاری گشتی لە کاتێکدایە که ئەمڕۆ میدیای «چاویارنیوز» بڕیاری دا بایکۆتی ئەو جۆرە بڵاوکراوە و پشانپێدانانە بکات کە تێیدا تۆمەتباران پێش یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان لە دادگاکاندا، دەهێنرێنە سەر شاشەکان و دەکەونە بەر شاڵاوی ناوزڕاندن.
No Comment! Be the first one.