چاویارنیوز _ دوای دەستگیرکردنی خورشید هەرکی و براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، پۆلیسی هەولێر کۆمەڵێک تۆمەتی قورسی ئاڕاستە کردوون کە سزاکانیان لە پێبژاردنەوە تاوەکو لەسێدارەدان دەڕوات.
بەپێی راگەیەنراوەکەی پۆلیسی هەولێر، یەکێک لە قورسترین ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکیی برای کراوە، شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاونیشتمانییەکە لە رووداوەکەی ڕۆژی 8ـی تەمموزی 2025 لە گوندی گردەڕەشە. بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای ئەم تاوانە دەگاتە “لەسێدارەدان”، چونکە چەند بارودۆخێکی تووندکردنی سزا لە دۆسێکەدا بوونیان هەیە.
هەروەها، تۆمەتێکی دیکەی خورشید هەرکی سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگەیە، کە بەپێی ماددەی 342 بڕگەی 1 و 2، سزاکەی لەنێوان زیندانی “هەتاهەتایی یان کاتی”دایە. سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی موڵکی گشتی، بەپێی ماددەی 11ـی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2018، سزاکەی بەندکردنە بۆ ماوەیەک کە لە 1 ساڵ کەمتر نەبێت، لەگەڵ پێبژاردن لەنێوان 3 ملیۆن بۆ 15 ملیۆن دینار و لابردنی زیادەڕۆییەکە لەسەر خەرجیی تۆمەتبار.
پاشان، خورشید هەرکی تۆمەتبارە بە هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیریی گشتی، کە بەپێی ماددەی 212ـی یاسای سزادان سزاکەی بەندکردنە. هەروەها سەبارەت بە هەڕەشەکردن بۆ تێکدانی ژێرخانی ئابووری لە شارۆچکەی خەبات، بەپێی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 (هەمواری ماددەی 156)، سزاکەی زیندانی “هەتاهەتایی یان کاتی”یە بۆ هەرکەسێک بە ئەنقەست زیان بە ئاسایش و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێم بگەیەنێت.
تۆمەتێکی دیکە کە ڕووبەڕووی هەردوو براکە کراوەتەوە، ڕێگریکردنە لە پڕۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم تۆمەتە ماددەی 197 بڕگەی 4ـی یاسای سزادانی عێراقی بەسەردا جێبەجێ دەبێت، کە سزاکەی زیندانیکردنی کاتییە و لە هەمان کاتدا دەبێت تۆمەتبار قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانە داراییانە بکاتەوە کە بە پڕۆژەکان گەیشتوون.
هەموو ئەو تۆمەتانە وادەکات، بەپێی هەڵسەنگاندنە یاساییەکان، خورشید هەرکی و براکەی ئەگەر لە هەندێک لە سزا مادییەکان ڕزگاریان ببێت، بەهۆی تۆمەتی کوشتنی دوو کەس و تێکدانی ژێرخانی ئابووری، بۆ ماوەیەکی زۆر لە زینداندا دەمێننەوە. لەم جۆرە دۆسیانەدا تەنیا لێخۆشبوونی گشتی دەتوانێت ڕزگاریان بکات، ئەویش بەو مەرجەی مافی کەسیی (کەس و کاری کوژراوەکان) نەمابێت، چونکە لێخۆشبوونی گشتی تەنیا مافی گشتی دەگرێتەوە
No Comment! Be the first one.