چاویارنیوز _ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، توانیویانە تا ئێستا؛ 160 ملیۆن دۆلار، 380 ملیار دینار و 402 کیلۆ زێڕ بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێننەوە.
هەروەها باسی لەوەشکرد، لەبواری هەناردەی نەوتیشدا لەگەڵ سوریا یاداشتی لێکتێگەشتنیان ئیمزاکردووە بۆ هەناردەکردنی نەوت
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستکەوتەکانی 100 ۆۆژی یەکەمی حکومەتەکەی بڵاوکردەوە و هەنگاوی یەکەمیش بە گەڕانەوەی 160 ملیۆن دۆلار، 380 ملیار دینار، و 402 کگم زێڕ بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەستپێکرد و وتیشی: هەژمارێکی بانکیی یەکگرتوومان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو ئەو سامانە گەڕاوەیە دامەزراندووە و بەرەو دیجیتاڵکردنی تەواوی دامەزراوەکان هەنگاو دەنێین.
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆگرامی حکومەت بۆ ساڵانی 2026 تا 2029 پەسەند کرا و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سەرکردایەتیی دامەزراوەکان ئەنجام دەدەین.
عەلی زەیدی رایگەیاند، لە چاکسازیی ئابووریدا، پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەویی نیشتەجێبوونمان ڕاگەیاند کە ئاوارە ئێزدییەکانیش دەگرێتەوە، هەروەها پارێزگای دیوانیەمان وەک پایتەختی کشتوکاڵیی عێراق ناساند و پلانی ئاوەدانکردنەوەیمان دەستپێکرد.
زەیدی جەختی لەوەکردەوە، سیستمی ئەلیکترۆنیی ‘ئاسیکۆدا’ لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان جێبەجێ کراوە و کۆنترۆڵی خەرجییە گشتییەکان دەکەین، بۆئەوەش ئەنجومەنی سەقامگیریی دارایی و نەختینەییمان دروستکردووە و ستراتیژی فرەچەشنکردنی هەناردەی نەوتمان گرتووەتەبەر.
ڕێگە نادەین خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت یان ببێتە گۆڕەپانی ململانێکان.
لەبارەی کشانەوەی ئەمریکاوە دەڵێت «ماوەیەکی دیاریکراو و توند بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان دادەنێین»، بەڵام ڕێککەوتنی گەورەمان لەگەڵ ئەمریکا و دامەزراوە داراییە جیهانییەکان لە بوارەکانی وزە، تەکنەلۆژیا و پیشەسازی ئیمزاکردووە. پاشان لەگەڵ سوریای دراوسێ یاداشتی لێکتێگەیشتنمان بۆ ڕاکێشانی بۆریی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست ئیمزاکردووە.
وتیشی، ساڵی 2027 دەبێتە ساڵی دوو هێندەکردنی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە سەرتاسەری عێراق و نۆژەنکردنەوەی تەواوەتی بۆ سەرجەم ئەو 30 هەزار مێگاواتە دەستپێکردووە کە ئێستا لە وڵاتدا بەرهەمدەهێنرێت.
No Comment! Be the first one.