چاویارنیوز ” گوڵاڵە سدیق شارەزای دارایی و بانکی باس لەوە دەکات، پڕۆژەیاسای نوێی ڕێکخستنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران لە پەرلەمانی عێراق ئامانج لێی کەمکردنەوەی جیاوازیی نێوان وەزارەتەکان و دروستکردنی دادپەروەرییە.
ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی جیاوازی لەسەر کۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەران دەبێت بەپێی پلە و شوێنی کارکردنیان.
گوڵاڵە سدیق دەشڵێت، کە بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژە یاساکە بریتیین لە بەرزکردنەوەی مووچەی بنەڕەتیی پلە نزمەکان (پلە 10 بۆ 5) بەشێوەیەک کە کەمترین مووچەی بنەڕەتی لە 400 هەزار دینارەوە دەست پێبکات، لەگەڵ دانانی سەقفی 2 ملیۆن و 500 هەزار دینار وەک بەرزترین موچەی بنەڕەتی بۆ پلە تایبەتەکان.
باسی لەوەشکردووە، کە دەستکاریی دەرماڵەکان بریتی دەبێت لە کەمکردنەوەی دەرماڵەی بڕوانامە و کەمکردنەوە یان یەکخستنەوەی دەرماڵە بەرزەکان وەک مەترسی و جێبەجێکردن، لەگەڵ دابەشکردنەوەیان بەسەر فەرمانبەرانی پلە نزمدا و دیاریکردنی ڕێژەی سەدی بۆ دەرماڵەی هاوسەر، منداڵ و شوێنی کار.
روونیکردەوە کە سەبارەت بە کاریگەریی پڕۆژە یاساکە لەسەر کۆی مووچەی فەرمانبەران، پلەکانی 10 بۆ 6 مووچەی تەواوەتییان زیاد دەکات، و پلەکانی 5 و 4 مووچەکەیان وەک خۆی دەمێنێتەوە یان کەمێک زیاد دەکات.
هەروەها دەڵێت، کە بۆ فەرمانبەرانی پلەکانی 1، 2 و 3 لەو وەزارەت و دەستانەی کە پێشتر دەرماڵەی بەرزیان هەبووە وەک نەوت، سێ سەرۆکایەتییەکە، چاودێریی دارایی و وەبەرهێنان، کۆی مووچەکەیان ڕووبەڕووی کەمبوونەوە دەبێتەوە بەهۆی یەکخستن و دابەزاندنی سەقفی دەرماڵەکان.
ناوبراو راشیگەیاندووە، کە پلەکانی 1 و 2 لە وەزارەتە ئاساییەکان وەک پەروەردە و تەندروستی، کۆی داهاتی مانگانەیان یان کەمێک کەم دەکات یان وەک خۆی دەمێنێتەوە، چونکە زیادبوونی مووچەی بنەڕەتییان کەمە و ناتوانێت داکەوتنی دەرماڵەی بڕوانامە بە تەواوی قەرەبوو بکاتەوە.
پلەی 3 زۆرترین کاریگەریی کەمبوونەوەی دەرماڵەی بڕوانامەی بەردەکەوێت ئەگەر لەو شوێنانەدا بن کە دەرماڵەی تریان نییە، چونكە زیادبوونی مووچەی بنەڕەتی لەم پڕۆژەیەدا زیاتر بۆ پلەکانی 10 تا 6 تەرخان کراوە، وەک گوڵاڵە سدیق دەڵێت
No Comment! Be the first one.