چاویارنیوز _ سالار لالە سەرحەد لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەمموز، یەکێتی و نەوەی نوێ وەک دوو هێزی سەرەکیی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنەکەیان بەناوی هاوپەیمانیی (هاوسەنگی و بووژانەوە) ئیمزادەکەن و کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان لەژێر چەتری هاوپەیمانێتییەکدا یەکدەخەن.
میدیای یەکێتی و نەوەی نوێ، باس لەوەدەکەن، ڕێککەوتنەکە کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەیە لە هۆتێل شاری جوان لە سلێمانی و بەئامادەبوونی هەریەکە لە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئیمزادەکرێت و بۆ هەموو لایەکی رادەگەیەنن.
میدیای هەردوو حزبەکەش دەڵێن: رێککەوتنەکە دژی کەس نییە، بەڵام ئامانجی ڕێککەوتنەکە کۆتاییهێنانە بە تاکڕەویی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی کە بەبێ جیاوازیی ناوچە، تێڕوانینی سیاسی و ئایدۆلۆژیا خزمەت بە خەڵکی کوردستان بکات و حکومەتی هەمووان بێت.
وەک هەردوو حزب باسی دەکەن، لەمڕۆوە باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان ڕێکدەخرێتەوە و بە هەردوو لایەن گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پێکدەهێنن. لە کۆتاییشدا ئەو کارنامەیە جێبەجێدەکەن کە خواستی هەموو لایەکە.
No Comment! Be the first one.